Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆى په‌رله‌ماندا
- ڕاسپارده‌كانی لێژنەی شاره‌وانی لەبارەى هۆكاره‌كانی دروستبوونی لافاوەكەی هەولێر و ڕِێگەچارەسەرییەكان په‌سند كرا
- پڕۆژه‌ یاسای هه‌موارى یه‌كه‌می یاسای وەزارەتی كاره‌با و پڕۆژه‌یاسای چه‌ك خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میان بۆ كرا

سه‌عات ١٠:٣٠ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/٢٢، به ‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (١٣)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی سێیه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد به‌ ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه.
پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووى خوێنده‌وه.
به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ ماده‌ی (٤٨) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، پێشنیازی ئه‌وه‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ ئالوگۆڕی له‌ ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌مى به‌رنامه‌ی كاردا بكرێت و ئه‌و پێشنیازه‌شی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌مجۆره‌ به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌ بریتی بوو له‌ خستنەڕووی بەدواداچوونی ڕاپۆرتی لێژنەی (شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار)، سەبارەت بە هۆكاری لافاوەكەی شاری هەولێر و ڕێگەچارەسەرییەكان بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو دیاردەیە، له‌لایه‌ن لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكی لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، ده‌قى ڕاپۆرتی لێژنه‌كه‌ له‌باره‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكار و ڕووداوه‌كانی لافاوى شه‌وى ١٦ له‌سه‌ر ١٧ى ٢٠٢١/١٢ كه‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شارى هه‌ولێری گرته‌وه‌ خوێنده‌وه و تێیدا وێڕای ده‌ربڕینی سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌میی لێژنه‌كه‌یان بۆ قوربانیان و كه‌سوكاریان و زیانه‌كانی كه‌ لێیكه‌وتنه‌وه‌، ئه‌نجامی به‌دواداچوونه‌كانی لێژنه‌كه‌یانی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانی دروستبوونى لافاوه‌كه‌ و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان و ئامارى ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانه‌ گیانی و مادییانه‌ی كه‌ له‌ ئاكامی ڕووداوه‌كه‌ كه‌وتنه‌وه‌ خرابووه‌ ڕوو.
هه‌ر له‌ ڕاپۆرته‌كه‌یاندا چه‌ندین پێشنیاز و ڕاسپارده‌یان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌موكوڕی و كه‌مته‌رخه‌مییانه‌ی كه‌ هه‌ن خخستبووه‌ ڕوو.
پاشان ئه‌ندامانى په‌رله‌مان وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌میی خۆیان بۆ قوربانیان و كه‌سوكار و زیانلێكه‌وتووانی ڕووداوه‌كه‌ و پشتیوانیكردن له‌ ڕاپۆرتی لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند، ڕا و سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر ڕاپۆرتى لێژنه‌كه‌ خسته‌ ڕوو و چه‌ندین پێشنیاز و ڕاسپارده‌شیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ڕاپۆرته‌كه‌ خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند و له‌لایه‌ن د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش ڕاسپارده‌كانی لێژنه‌كه‌ به‌و ڕاسپاردانه‌ی كه‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان خستبوویانه‌ ڕوو، خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان په‌سند كرا و بڕیاره‌ ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكرێت بۆئه‌وه‌ى كارى له‌سه‌ر بكرێت.
به‌ر له‌ ده‌ستكردن به‌ خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژەیاساكانی (چەك لە هەرێمی كوردستان)، (هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٢١ یاسای وەزارەتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان)، سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشنیازی ئاڵوگۆڕكردنى له‌ ڕیزبه‌ندیی ئه‌و دوو بڕگه‌یه‌ی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كار خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا و به‌مجۆره‌ ڕاپۆرتی لێژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌سرووشتییه‌كان و پیشه‌سازی و بازرگانی، كه ‌له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ ڕِاستاندنی بۆ كرابوو، به‌ ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرایه‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن و به‌مجۆره‌ له‌لایه‌ن ‌لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌، ‌ناوونیشان‌ و ماده‌ به‌ ماده ‌و بڕگه‌ به‌ بڕگه‌ی ڕاپۆرته‌كه ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پڕۆژه‌یاساكه‌، خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می بۆ كرا و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ سه‌رنج و تێبینی و چه‌ندین پێشنیاز له‌سه‌ر ماده‌ و بڕگه‌كانی ڕاپۆرتى لێژنه‌ی هاوبه‌ش خرانه ‌ڕوو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ ڕاپۆرتی ده‌نگدانی له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت.
پڕۆژه‌یاسای هه‌موارى یه‌كه‌می یاسای وه‌زاره‌تی كاره‌با، له‌ چوار ماده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌ و مه‌به‌ست له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌شی ده‌ستنیشانكردنی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ دیاریكردنی ئه‌رك و وه‌زیفه‌ی پێكهاته‌كانى وه‌زراه‌تی كاره‌بایه‌ له‌ هه‌رێم.
سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌ی دووه‌م له‌ خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، كه‌ بریتی بوو له‌ پڕۆژەیاسای چەك لە هەرێمی كوردستان، كه هه‌ریه‌ك له‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆى حكوومه‌تی هه‌رێم و د. ڤالا فه‌رید، وه‌یرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان ئاماده‌ی بوون، سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌به‌ر گرنگی و هه‌ستیاریی بابه‌ته‌كه‌ پێشنیازی ئه‌وه‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ به‌ داخراوی بێت و ته‌نیا په‌خشكردنی ڕابگیرێت، ئه‌مه‌ش به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان په‌سند كرا و به‌مجۆره‌ ڕاپۆرتی لێژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان، كه ‌له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ ڕِاستاندنی بۆ كرابوو، به‌ ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان كرایه‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن و له‌لایه‌ن ‌لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌، ‌ناوونیشان‌ و ماده‌ به‌ ماده ‌و بڕگه‌ به‌ بڕگه‌ی ڕاپۆرته‌كه ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پڕۆژه‌یاساكه‌، خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می بۆ كرا و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ سه‌رنج و تێبینی و چه‌ندین پێشنیاز له‌سه‌ر ماده‌ و بڕگه‌كانی ڕاپۆرتى لێژنه‌ی هاوبه‌ش خرانه ‌ڕوو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ ڕاپۆرتی ده‌نگدانی له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت.
پڕۆژه‌یاسای چه‌ك له‌ ٢٤ ماده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌ و مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنیشی به‌هۆی نه‌گوونجانی حوكمه‌كانی یاسای چه‌ك ژماره‌ (١٦)ى ساڵی ١٩٩٣ يه له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانی قۆناغی ئێستادا و به‌مه‌به‌ستی ڕێكخستنه‌وه‌ى ده‌ستدارى و هه‌ڵگرتنی چه‌ك و تفاق و كڕین و فرۆشتن و چاككردنه‌وه‌یانه‌ له‌ سایه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌دا.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.