Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/١٩، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ د. منی یوخنا یاقۆ، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌گشتییه‌كان و ڕاوێژكارانی ده‌سته‌كه‌ كرد.
له‌ دیدارێكدا د. هێمن هه‌ورامی، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی به‌هێزتركردنی ده‌سته‌ و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماده‌یی په‌رله‌مانیشی بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ و لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان نیشاندا و داواشی كرد ئه‌و پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ مافی مرۆڤ و به‌ره‌و پێشچوونی ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وانیش وه‌كو ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ دید و تێڕوانینی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ى له‌ كاتی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌مى ئه‌و پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌یاسایانه‌ سوود له‌ بۆچوونى ئه‌وانیش وه‌ربگیرێت تا بتوانرێت باشترین یاسا ده‌رچووێندرێت.
لای خۆیه‌وه‌ د. منی یوخنا یاقۆ، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ پوخته‌یه‌ك له‌ كار و چالاكییه‌كانی ده‌سته‌كه‌ى له‌ ماوه‌ی ڕابردوو و به‌رنامه‌ و پلانی داهاتووی ده‌سته‌كه‌ى خسته‌ ڕوو و داواشی كرد بۆ به‌ره‌و پێشچوونی كارى ده‌سته‌كه‌ چه‌ند ماده‌ و بڕگه‌یه‌كى یاسای ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ هه‌موار بكرێته‌وه‌، به‌جۆرێك بێت كه‌ كارئاسانیی زیاتری تێدا بێت له‌ ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان له‌ ڕووى كارگێڕییه‌وه‌.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا و جه‌خت له‌سه‌ر كاركردنی زیاتر بۆ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان كرایه‌وه‌.