Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی كاروباری سیاسی و ئابووری له‌ كونسوڵخانه‌ی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێم كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/١٢، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ دوو تیانتاواچا، سه‌رۆكی كاروباری سیاسی و ئابووری له‌ كونسوڵخانه‌ی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندى یاوه‌ری كرد.
له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، دوو تیانتاواچا، سه‌رۆكی كاروباری سیاسی و ئابووری له‌ كونسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا، هاوخه‌میی خۆى ڕاگه‌یاند بۆشه‌هیدبوونی پۆلێك پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابروودا به‌هۆی په‌لاماره‌كانی تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون و جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و مه‌شق و ڕاهێنانه‌كانیان به‌ردوام ده‌بن.
د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ڕۆڵی ئه‌مریكاى له‌ پشتیوانیكردنى هه‌رێمی كوردستان و هاوكارییه‌كانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان به‌رز نرخاند و باسی له‌ دۆخی سیاسی و ئابووریی هه‌رێم و زیادبوونی جموجۆڵه‌كانی داعش كرد كه‌ له‌ ئێستادا له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كان زیادى كردووه‌ و كه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵكی سڤیل و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، گووتیشی: "چه‌ندینجار ئه‌وه‌ دووپات كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییانه‌ى نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق پڕ بكرێنه‌وه‌ كه‌ مه‌ترسییان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و خه‌ڵكى ئه‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ وردی باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مان بۆ پرسی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و پێكهێنانه‌وه‌ى كۆمسیۆنى باڵای سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كرد.