Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستانى کرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢١/١٢/١٤، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان یاوه‌رییان ده‌كرد، سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستانى كرد و له‌لایه‌ن دادوه‌ر عه‌بدولجه‌بار عه‌زیز حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه پێشوازیی لێكرا.
له دیدارێكدا كه جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێم ئاماده‌ی بوون، د. هێمن هه‌ورامی، به ناوی په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری كرد له وه‌رگرتنی ئه‌ركه نوێیه‌كه‌ی و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له كاره‌كانیدا.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "له ڕابردوو و ئێستاشدا په‌یوه‌ندیی باش و پته‌و له نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریدا هه‌بووه و خوازیارین ئه‌و په‌یوه‌ندییه له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش به‌رده‌وام بێت".
جه‌ختیشی له گرنگى و پێویستیی دانیشتنی به‌رده‌وام له نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتدا كرده‌وه و ڕایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌بنه هۆی به‌هێزبوونی ئه‌و دامه‌زراوانه و له ئه‌نجامیشدا به‌هێزتركردن و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان". گووتیشی: "ژماره‌یه‌كی زۆر یاسا هه‌ن پێویستیان به پێداچوونه‌وه و هه‌مواركردنه‌وه هه‌یه‌، ئه‌م كاره‌ش پێویستیی به‌وه هه‌یه كه له ڕێگه‌ی دادوه‌ران له ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و لێژنه‌ی تایبەتمەنده‌كانی په‌رله‌مان تاووتوێ بكرێن و بڕیاری پێویستییان له‌باره‌وه بدرێت"، ئامادیی په‌رله‌مانیشی نیشاندا بۆ هه‌موو جۆره هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ك.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، وێڕای به‌خێرهێنانی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و شاندی یاوه‌ری، ڕایگه‌یاند: "ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادوه‌ری و یاسادانان به‌هۆی كار و ئه‌ركی هاوبه‌شی نێوانیان، كه یه‌كێكیان یاسادانان و ئه‌وی دیكه‌یان چه‌سپاندنی یاساكانه‌، نزیكییه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا هه‌یه و پێویسته به‌رده‌وامیش له په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیدا بن".
هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانیش هاوڕابوو كه ژماره‌یه‌كی زۆر یاسا هه‌ن، كه پێویسته ده‌ربكرێن یان پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكرێت، به شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كان و بارودۆخی ڕۆژ و سه‌رده‌می ئێستادا بگونجێن و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌كان، به تایبه‌ت دادوه‌ری و یاسادانان له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی دادوه‌ری بێت و ڕێگه له ده‌ستوه‌ردان و پێشێلكردنی سه‌ربه‌خۆیی یه‌كتر بگیرێت.
گووتیشی: "په‌رله‌مان یاسا ده‌رده‌كات و له‌سه‌ر دادگاكانیش پێویسته جێبه‌جێ بكرێن، به‌ڵام له ڕووی پراكتیكی و جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه له دادگاكان، هه‌ندێجار تووشی كێشه و گرفت ده‌بن و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ش پێویستیی به هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی زیاتری نێوان هه‌ردوولا هه‌یه".
دواتر له گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا، دادوه‌ران و شاندی باڵای په‌رله‌مان، ژماره‌یه‌ك پرس و بابه‌تی هاوبه‌شی نێوانیان تاووتوێ كرد، به تایبه‌ت ژماره‌یه‌ك له‌و یاسایانه‌ی پێویستییان به پێداچوونه‌وه هه‌یه و هه‌ردوولا پێداگیرییان له‌سه‌ر ئه‌وه كرد كه بۆ قۆناغی داهاتوو له ڕێگه‌ی دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌ی زیاتر ئه‌و كێشه و كه‌موكوڕییانه‌ی كه له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك یاساكان هه‌یه چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه.