د. هێمن هەورامی پێشوازی لە پەرلەمانتارێکی کورد لە هەرێمی بەرلین کرد
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١٢/٦ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە پەرلەمانتار ژیان عمر ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی بەرلین لە ئەڵمانیا کرد.
لە دیدارێکدا کە پەرلەمانتار چیا حمید شریف ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستان ئامادەی بوو، بە وردی باس لە دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا، لەلایەن خۆیەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمان پوختیەکی لەبارەی کاری پەرلەمانیی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
هەر لە دیدارەکەدا د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پەرلەمانی کوردستان و ئەو پەرلەمانتارە کوردانە کردەوە کە لە پەرلەمانی هەرێمە جیاوازەکانی ئەڵمانیا پەرلەمانتارن، بۆ ئەوەی نێتوێرکێکی بەهێز لە نێوان خۆیان دروست بکەن.
لەلایەن خۆیەوە پەرلەمانتار ژیان عمر تەکەزی کردەوە لە هەوڵدانیان بۆ دروستکردنی گرووپێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانی ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەیەکەوە سەردانی پەرلەمانی کوردستان بکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان بەهێزتر بکەن.