د. هێمن هەورامی پێشوازیی لەشاندێکی ئاینی کریستیانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فینلەندا کرد
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/١٢/٨ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لەشاندێکی کەسایەتیی کریستیانەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فینلەندا کرد.
لە دیدارێکدا کە هەریەک لە پەرلەمانتاران وەیسی سەعید ، کلارا عۆدیشۆ، و فاهیك کەمال صوغومون ئامادەی بوون، د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پوختەیەکی سەبارەت بە کاری پەرلەمانی و ژمارەی کورسییەکان و ڕێژەی بەشداربووانی پێکهاتە جیاوازەکانی بۆ شاندەکە خستەڕوو، هەر لە دیدارەکەدا باسی لەڕەوشی پێکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان کرا، كە رەگ وریشەکەی هەڵقوڵاوی نێو كۆمەڵگەی كوردستانییە، د. هێمن هەورامی ڕایگەیاند؛ "لە پەرلەمانی كوردستاندا بەپێی یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ مافی سەرجەم ئاینەكان پارێزراوە، و لە دەستووری هەرێمی کوردستانیشدا مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بە گرنگییەوە لەبەرچاو دەگیرێت".
شاندەكەخۆشحاڵی و سەرسامی خۆیان بەو پێکەوەژیانەی نێوان سەرجەم ئاین و نەتەوە و پێكهاتهکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەڵێنیشیاندا نزا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەن لە رووبەڕووبوونەوەیان بەرامبەر تیرۆریستانی داعش.