Skip to the content
Menu

دوو لیژنەی په‌رله‌مان لەگەڵ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ بارودۆخی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ تاووتوێ ده‌كه‌ن

بەمەبەستی تاووتوێكردنی بارودوخی هێزه‌كانی پێشمەرگە و ھێرشەکانی ئەمدواییەى چەکدارانی داعش بۆ سەر سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمەرگە، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/١٢/٧، ھەردوو لێژنەی کاروباری پێشمەرگە و لێژنه‌ی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی ھەرێم، بەسه‌رپه‌رشتیی ده‌سته‌ی سەرۆکایەتیی و ئامادەبوونی ئەندامان و ڕاوێژکارانی هه‌ردوو لێژنه‌كه‌، لە ھوڵى پرۆتوکۆڵ لە تەلاری پەرلەمان، لەگەڵ شاندێکی كه‌ پێكهاتبوو له‌ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و ئۆمێد صباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و عه‌بدولحه‌کیم خەسرەو، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی ھەرێم و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕاوێژکارانی وەزارەت و دەستەکە، كۆبوونه‌وه‌
سه‌ره‌تاى کۆبوونەوەکە، به‌ ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەھیدان دەستی پێکرد، دواتر چەندین بابەت و پرسى گرنگ گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، بە تایبەت بارودۆخی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئەو بۆشاییە ئەمنییه‌ى کە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ی ھەرێم له‌ نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق هه‌یه‌، کە لەم دواییە له‌ ئه‌نجامى په‌لامارى تیرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و گونده‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ بووە ھۆکاری شەھیدبوون و برینداربوونی چەندین پێشمەرگە و خەلکی مەدەنی.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ماوه‌ى چوار سه‌عاتی خایاند، ئەندامانی هه‌ردوو لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان چەندین سه‌رنج و تیبینی و پرسیاریان بۆ شاندی حکوومەت خسته‌ ڕوو، کە تایبەت بوون بە بارودوخی ھێزەکانی پێشمەرگە و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەى ئیداره‌ی هه‌رێم، کە لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانیان بۆیان دەرکەوتووە، لەوانەش کەم و کوڕی لە پێداویستییەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی گشتی، ھەروەھا نەبوونی ھەماھەنگیی نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی فیدراڵ ئەمانە و چەندین کشە و گرفتی تر کە پەیوەندیداربوون بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و ھێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ شاندی حکوومەت باس کران.
شاندی حکوومەت بەڵێنى ئه‌ویان بە لیژنە ھاوبەشەکەى په‌رله‌مان دا کە وه‌كو حكوومه‌تی هه‌رێم ھەموو ھەوڵێکیان خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە.