Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/٢٠، لێژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان، به‌سه‌رپه‌رشتیی هاوڕێ مه‌لا ستار، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕِیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕِاوێژكارانی لێژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌رۆكی لێژنه‌ كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی ئه‌و سه‌ردان و به‌دواداچوونانه‌ خسته‌ ڕوو، كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا ئه‌ندامانی لێَژنه‌كه‌ بۆ به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامیان دابوو و بڕیار درا كۆی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ى كه‌ لێژنه‌ لاوه‌كییه‌كان ئاماده‌یان كردووه‌ ڕێكبخرێته‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێن بۆ ئه‌نجامدانی كاری پێویست و ڕه‌وانه‌كردنی بۆ حكوومه‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار.
دواتر گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر پڕِۆژه‌ی هه‌واری فه‌رمانبه‌ران و ئه‌و زه‌وییه‌ی كه‌ موڵكی زانكۆی سلێمانییه‌ و ٨٢ دۆنمه‌ و تا ئێستا كێشه‌ی له‌سه‌ره‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لێژنه‌ بڕیارى دا به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ بكات، هه‌روه‌ها بابه‌تی پێدانی قه‌پان و كێشكردن له‌ مه‌رزه‌كان و بازگه‌كان به‌ كه‌رتی تایبه‌ت، گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و بڕیار درا لێژنه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌م بڕیاره‌ بكات.
له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ڕووداوی لافاوه‌كه‌ی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری، ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ری خسته‌ ڕوو.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشتانه‌ی ئاڕاسته‌ی لێژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌ و كاری پێویستییان له‌سه‌ر كرا.