لیژنەی ئەوقاف وکاروباری ئایینی پیرۆزبایی لە بەرێوەبەری نوێی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزیدیان لەوەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئاینی دەکات
بەمەبەستی پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەكاربوونی بەرێوەبەری نوێی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزیدیان لەوەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئاینی رۆژی چوار شەمە ٢٠٢١/١٢/٢٢ شاندێكی لیژنەی ئهوقاف و كاروبارى ئاینى لەپەرلەمانی كوردستان كەپێكھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد جێگری سەرۆكی لیژنە، وەیسی سەعید بریاردەری لیژنە، فەیسەڵ عباس، ھدیە مراد، و کلارا یعقوب، سەردانی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدیانی كرد و لهلایهن سعود مستۆ نجم بەرێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدیان پێشوازیان لێكرا.
شاندەكە وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەكاربوونی، ھیوای سەرکەوتنیان بۆخواست لەكارەكانی و دووپاتی پشتیوانی لیژنەی ئەوقاف وكاروباری ئاینیان بۆ راگەیاند لەپێناوی سەرخستنی كارەكانیان.
ئینجا بەگرنگیەوە باس لە ڕەوشی بەیەکەوەژیانی ئاینی و لێبوردەیی لە هەرێمی کوردستان کرا، کە یەکێکە لە رووە گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە مایەی شانازی گەلی کوردستان و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
پاشان جەخت لەسەر کارکردن کرا بۆگەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیان و پاراستنی كولتوری ڕەسەنی ئێزدیاتی و پەرەپێدان و پێشكەوتنی زیاتر بەگیانی برایەتی وپێكەوەژیان لەنێوان ئاین و پێکھاتەکانی هەرێمی كوردستان.