Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی ڕۆشنبیری چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكده‌هێنێت

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌٢٠٢١/١٢/٧ لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌لمه‌ فاتیح سه‌رۆكی لیژنه‌ و بە ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لێژنەکە، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی ڕاپۆرتی لیژنه‌ له‌سه‌ر كۆچ و بێكاری لاوان له‌هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامان واژویان له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌ كرد و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرا بۆ ئه‌وه‌ی له‌دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان بخوێندرێته‌وه‌.

دواتر گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر سندوقی خانه‌نشینی ڕۆژنامه‌نوسان و كێشه‌ی نه‌بوونی پاره‌ لە سندوقەکە، هه‌روه‌ها گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر پێشنیازە یاسای سندوقی خانەنشینی هونه‌رمه‌ندان، ئه‌ندامان ڕاو بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌م دوو ته‌وه‌ره‌ خسته‌ ڕوو، بڕیاردرا دوو لیژنه‌ی لاوه‌كی پێكبهێندرێت به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت له‌سه‌ر ئه‌م دوو بابه‌ته‌.