Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی شاره‌وانی ڕاپۆرتێک لەسەر ڕووداوی لافاوەکەی ھەولێر ئامادە دەکات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ كاری لێژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/٢٠، لێژنه‌ی شاره‌وانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕِیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌، سه‌رۆكی لێژنه‌ كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕووداوه‌ سرووشتییه‌ی هه‌ولێر خسته‌ ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد ئه‌م ڕووداو و لافاوه‌ى كه‌ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك له‌ هاونیشتمانی و زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆری مادیی له‌ هاووڵاتییان داوه‌ هه‌موو لایه‌كی نیگه‌ران كردووه‌، دواتر ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ ڕاو سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ و هۆكاره‌كان و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان خسته‌ ڕوو و بڕیار درا له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، لێژنه‌ی شاره‌وانی ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ساتە و ھۆکارەکانی دروستبوونی لافاوەکە و کۆمەڵێک ڕاسپاردە ئاماده‌ بكات بۆئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان بخوێندرێته‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار بكرێت به‌مه‌به‌ستی به‌ دواداچوون و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆیان.
به‌مه‌به‌ستی ڕِێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوی له‌م شێوه‌یه‌ش، بڕیار درا چه‌ند لێژنه‌یه‌كی لاوه‌كی پێكبهێنرێت بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون له‌سه‌ر ئاوه‌ڕۆی شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك بكه‌ن و له‌ ئه‌گه‌ری بوونی هه‌ر كه‌م و كوڕی و كێشه‌یه‌ك لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارى لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه‌ و ئاوه‌ڕۆكانیش پاك بكرێنه‌وه‌.