Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی یاسایی ڕاپۆرت له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای سەرپەرشتیکردنی پڕِۆژەکانی کشتوکاڵی ئاماده‌ ده‌كات

بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و تاووتوێکردنی چەند سەرنج و تێبینییه‌كی یاسایی سەبارەت بە پڕِۆژەیاسای سەرپەرشتیکردنی پڕِۆژەکانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١٢/٢٠، لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. بژار كۆچه‌ر، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ و  بە ئامادەبوونی شوان که‌ریم، جێگری سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری و سه‌فین ئاغا عومه‌ر، بڕیاردەری لێژنەكه‌ و شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە پێکهاتبوو لە ڕزگار حه‌مه خدر، ڕاوێژکار و تەلان زرار، بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە بە چڕوپڕِی لەلایەن هەردوولا تاووتوێ كرا بەمەبەستی ئامادەکردنی ڕاپۆرتى لێژنه‌كه‌ و ئاڕاسته‌كردنی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان تا خوێندنەوەی دووەمى بۆ بكرێت.