پەیامی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ڕۆژی جیھانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گەندەڵی
د. ڕێواز فایق: "بە ئه‌ركی حكوومه‌تی ئەزانین هه‌نگاوه‌كان خێراتر و کاراتر بكه‌ن له جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی به‌مه‌به‌ستی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و به‌دیهێنانی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رچوون"
(٩)ی دیسێمبه‌ر، ڕۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی، به یه‌كێك له ڕۆژه گرنگه‌كانی نێو ڕۆژژمێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داده‌نرێت، بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له مه‌ترسیی و کاریگەرییە ترسناكه‌كانی گه‌نده‌ڵی لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی به ئاڕاسته‌ی چاكسازی و بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی، دیاره هه‌رێمی كوردستانیش ساڵانێكی زۆره به ده‌ست جۆرە جیاوازەکانی گه‌نده‌ڵییه‌وه ده‌ناڵێنێت، ئه‌م دۆخه نه‌خوازراوه‌ی كه ئێستا له ئارادایه، ده‌رئه‌نجامە، هه‌ر بۆیه‌ش په‌رله‌مانی كوردستان له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانیدا بۆ داڕشتنی ستراتیجییه‌تێكی نیشتمانی بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و داڕشتنی نه‌خشه ڕێگه‌یه‌كی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه كه بووه‌ته مایه‌ی تێكچوونی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ناهاوسه‌نگی له جۆری ژیانی هاووڵاتییان، له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا سێ یاسای گرنگ و پێویستی ده‌ركرد بۆ ڕێكخستنه‌وه و ڕێگریكردن له گه‌نده‌ڵی، كه گرنگترینیان بریتین له یاسای ژماره (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠، یاسای چاكسازی له مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان-عێڕاق، هه‌روه‌ها یاسای ژماره (٣)ی ساڵی ٢٠٢٠، یاسای ڕێگریكردن له به قاچاخبردنی نه‌وت و گاز و لێده‌رهێنراوه‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان-عێڕاق و یاسای لە ئەستۆکردن لە هەرێمی کوردستان، ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠٢٠.
هاوکات لەگەڵ پشتیوانیمان بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی، بە ئه‌ركی حكوومه‌ت و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی ئەزانین کە هه‌نگاوه‌كانیان خێراتر و کاراتر بكه‌ن له جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی كه له په‌رله‌مان ده‌رده‌چن به‌مه‌به‌ستی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و به‌دیهێنانی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، باشتركردنی شێوازی حوكمڕانی، ھاوکات گه‌یشتن به‌و ڕِاستییه‌ی كه مانه‌وه‌ی هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك په‌یوه‌سته به پارێزگاریكردن له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی هاووڵاتییان و تێكشكاندنی ئاڵنگارییه‌كان و ملكه‌چ كردن بۆ لێپرسینه‌وه، هه‌روه‌ها بێلایه‌نیی دادگاكان و پاراستنی به‌هاكانی دیموكراسییه‌تیش كۆڵه‌گه‌یەکی سه‌ره‌كی و ستوونێکی گرنگی دیکەی به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ن.
لەکۆتاییدا ھیواخوازم ھەموو لایەک لەخۆبردووانە بە ڕۆحیەتێکی پاک و دڵسۆزانەوە، شان بدەنە بەر لێپرسراوێتیی ئەم قۆناغە ھەستیارە، بێ سڵەمێنەوە لە ھیچ ئاڵنگاری و بەربەستێک، کوردستان دەرباز بکەن لەم نەھامەتییانەی کە ساڵانێکە بەھۆی ناشافافییەت و نەبوونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە دابەشکردندا دەناڵێنێت.
ھەر شاد و سەرفرازبن..
د. ڕێواز فایق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢١/١٢/٩