Skip to the content
Menu

په‌یامی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان لەسەر پەلامارەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆ سەر بناری قەرەچووغ
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان: "نابێت بە هیچ شێوەیەک نەرمی نواندن یان خەمساردی لە پڕکردنەوەی ئه‌و بۆشاییە ئەمنییانە و کۆتاییپێهێنانی تەواوەتیی داعش بکرێت"

بە داخێکی گرانەوە هەواڵی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی و پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەمان پێگەیشت، بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچووخ، بەو بۆنەیەوە هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ کەسوکاری شەهیدان دەردەبڕین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین، داوا لە خوای گەورە دەکەین شەهیدانمان بە بەهەشت شاد بکات و سەبووری و ئارامیش بە کەسوکار و دۆستانیان بدات و شیفای خێرای بریندارانیش بدات.
چەندین جار هۆشداری دراوە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و کۆتایی نەهاتنى مەترسییەکانی، هەمیشە دووپات لە مەترسیی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی کراوەتەوە، کە تیرۆریستان بە هەلیان وەرگرتووە و لەوێوە هێرش دەکەنە سەر خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆیە بۆ کۆتاییهێنانی خێرای ئەو مەترسی و هەڕەشانە لەسەر گیانی پێشمەرگە ئازایەکانمان و خەڵکی کوردستان، داوا دەکەین حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەماهەنگی و پەیوەندییەکانیان زیاتر بکەن و لە ژێر چاودێریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە پەلە ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکرێتەوە و مەترسییەکە لەسەر خاک و خەڵکی کوردستان دوور بخرێتەوە. نابێت بە هیچ شێوەیەک نەرمی نواندن یان خەمساردی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانە و کۆتاییپێهێنانی تەواوەتیی داعش بکرێت، چونکە داعش مەترسییە بۆ سەر ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی خەڵکی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان.
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢١/١٢/٣