پەیامی د. هێمن هەورامی لەبارەی ڕووداوە کارەساتبارەکەی شاری هەولێر
زۆر بە داخەوە بە هۆی گۆڕانی کەش و هەوای جیهانی و شێوە و بڕ و کاتی باران بارین، لە ئەنجامی بارانی بەلێزمەو هەورە بروسکە لە سنوری پارێزگای هەولێر و دروستبوونی لافاو، وێڕای زیانە ماددیەکان، ژمارەیەک هاووڵاتی ئازیزی سنوری پاریزگای هەولێر بوونە قوربانی.
پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خزم و کەسوکاری قوربانییەکان دەکەین و هاوبەشی خەمیانین.
لەم کات و ساتانەی کە بەهۆی رووداوی سروشتییەوە زیانی گیانی و ماددی بە هاووڵاتیانمان دەگات، دەبێت هەموو لایەکمان بەرپرسانە لە هەوڵی ڕەواندنەوەی خەمی کەسوکاری قوربانیان بین و هیچ لایەک کارەساتی سروشتی بۆ مەرامی سیاسی بەکار نەهێنێت و پێکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوونی مەیدانی بکرێ و هەنگاوی خیرا بگیرێتە بەر بۆ بەدەمەوە چوونی هاولاتیان و هاوکاری کرداری و خاوێنکردنەوەی شوێنە زیان لێکەوتووەکان، و بەپێی توانا هاوکاری و قەرەبووی زیانمەندان بکرێتەوە.
هاوکات لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست و ئامادەکاری زیاتر بۆ رووبەرووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان بگیرێتەبەر.
خوای گەورە کوردستان و هاووڵاتیانمان پارێزراو بکات.
د. هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢١/١٢/١٧