Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردنەوەی بنکەی یاسادانانی ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/١٣ د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی کوردستان، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، سه‌رۆكی دیوانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی فراكسیۆن و لێژنه‌كانی په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ئه‌نجومه‌نی شوورا، داواكاری گشتی و ده‌سته‌كانی وابه‌سته‌ به‌ په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كێتی و سه‌ندیكا و ڕێكخراوه‌ ناوخۆیی و بیانیه‌كان و سه‌رۆكی زانكۆكان و ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌كادیمی و شاره‌زا له‌بواری یاسادان و ڕاوێژكارانی په‌رله‌مانی كوردستان، دامه‌زراندنی بنكه‌ی یاسادانانی هه‌رێمی كوردستانی ڕاگه‌یاند.

سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌ به‌ وته‌یه‌كی به‌خێرهێنانی میوانان له‌لایه‌ن فوئاد ئه‌حمه‌د سلێمان به‌رپرسی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌ستیپێكرد، هاوكات باسێكی كورتی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ئیش وكاره‌ ته‌كنیكی و هونه‌رییه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ بۆ ئاماده‌بووانی مه‌راسیمه‌كه‌ خسته‌ڕوو، دواتر د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وتارێكی وردی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ده‌ستپێكردن و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی بنکەی یاسادانان پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووانی مه‌راسیمه‌كه‌ كرد، تێیدا باسی ئه‌و گرفت و بۆشاییه‌ ته‌كنیكییانه‌ كرد، كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نی دامه‌زراندنی په‌رله‌مان هاتوونه‌ته‌ ڕێگای یاسادانه‌ران و ئه‌كادیمی و توێژه‌ران به‌گشتی، هه‌روه‌ها باسی لە ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م نووسینه‌وه‌ و په‌یداكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ كرد، كه‌ پێشووتر به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ناڕێك و ئاڵۆز ئه‌رشیف كرابوون، پاشان كلیكی كردنه‌وه‌ی وێبسایتی بنكه‌ی یاسادانان له‌لایه‌ن د. هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان ئه‌نجامدرا، دواتر شیكارییه‌كی ورد له‌ لایه‌ن ئەندامانی لێژنەی باڵای دروستکردنی بنکەی یاسادانان بۆ داتابه‌یسی یاساو بڕیاره‌كان له‌نێو وێبسایته‌كه‌دا بۆ ئاماده‌بووانی مه‌راسیمه‌كه‌ خرایه‌ ڕوو.

ده‌قی وتاری د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ مه‌راسیمی ڕاگه‌یاندن و كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی یاسادانی هه‌رێمی كوردستان:

ئاماده‌بووانى به‌ڕێز، میوانانى قه‌درگرانى په‌رله‌مانى كوردستان

به‌یانیتان باش..

بنكه‌ى یاسادانانى هه‌رێمى كوردستان، داتابه‌یسێكى پێشكه‌وتووى ئه‌لكترۆنییه‌، بۆ كۆكردنه‌وه‌و هه‌ڵگرتن و خستنه‌ ڕووى ته‌واوى یاساو بڕیاره‌ یاساكانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵى 1992 تا ئێستا، له‌و ڕوانگه‌یه‌ى ئێمه‌ پێمان وایه‌ بۆ هه‌ڵنه‌گرتن و دۆكیۆمێنت نه‌كردنی مێژووی دووری نه‌ته‌وه‌كه‌مان، ڕه‌نگه‌ پاساوگه‌لێك هه‌بن ببن به‌ وه‌ڵامی ئه‌م كه‌مته‌رخه‌مییه‌، به‌ڵام بۆ مێژووی نزیك، مه‌به‌ستم 29 سالێك به‌ر له‌ئێستایه‌ كه‌ مێژووی دروستبوونی یه‌كه‌م په‌رله‌مانی كوردستانییه‌ ، هیچ پاساوێك نییه‌ كه‌ نه‌مانتوانی بێت به‌ڵگه‌و دۆكیۆمێنته‌كانی ئه‌م مێژووه‌ زۆر نزیكه‌ كۆبكه‌ینه‌وه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ندین ڕووداوی مێژوویی گرنگ سه‌باره‌ت به‌ گه‌لى كوردستان ڕوویانداوه‌، له‌هه‌موویان پێشترو به‌رچاو تر دامه‌زراندنی قه‌واره‌یه‌كی سیاسییه‌ له‌م به‌شه‌ی كوردستان كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی یه‌كه‌مین په‌رله‌ماندا خۆی ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌م په‌رله‌مانه‌ خاوه‌نی چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژووییه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ باش كاریان له‌سه‌ر نه‌كرابێت یان پێویست بێت باشتر كاریان له‌سه‌ر بكرێت و بپارێزرێن به‌تایبه‌تی مێژووی یاسادانان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.

بۆیه‌ وه‌ك ئه‌ركێكى یاسایی و پیشه‌یی له‌ڕۆژی 11/7/2019، كه‌ ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانمان پێسپێردا یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ی به‌لامانه‌وه‌ زۆر گرنگ بوو ئه‌نجامی بده‌ین و هه‌میشه‌ وه‌ك ئه‌ركێك ئه‌ژمارمان كردبوو، دامه‌زراندنی بنكه‌ی یاسادانانی هه‌رێمی كوردستان بوو، كه‌ له‌وێدا سه‌رجه‌م ته‌شریعاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كۆبكرێته‌وه‌و به‌دۆكیۆمێنت بكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌ستی هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تیش په‌رله‌مانتاران و توێژه‌ران و پسپۆڕان و ڕاگه‌یاندنه‌كان.....هتد،                 كه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ سیمایه‌كی شارستانی بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ده‌ره‌وه‌و ڕۆشنبیریه‌كی یاساییش له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بڵاوده‌كاته‌وه‌.

خۆشبه‌ختانه‌ كاتێك پرۆژه‌كه‌مان خسته‌روو له‌سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنێكی زۆر باشمان به‌دی كرد، بۆیه‌ ناوی خوامان لێهێناو له‌ڕۆژی 21/8/2019  فه‌رمانی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی پسپۆرمان له‌ ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ ده‌ركرد، پاشان چه‌ند لیژنه‌یه‌كی تر له‌ ڕاوێژكاران و فه‌رمانبه‌رانی یاسایی په‌رله‌مان له‌و ڕۆژه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هاوكارانمان له‌لیژنه‌كه‌ شه‌وو رۆژمان خسته‌ سه‌ریه‌ك تا به‌م ڕۆژه‌ گه‌یشتین كه‌ ڕاگه‌یاندنی یه‌كه‌مین بنكه‌ی یاسادانانی هه‌رێمی كوردستانه‌.

خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ توانیمان نۆبه‌ره‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌مان بخه‌ینه‌ به‌رده‌ستی به‌رێزتان و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا خۆی له‌ساغكردنه‌وه‌و دۆكیۆمێنتكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و یاسایاو بڕیاره‌ یاسایانه‌  ده‌بینێته‌وه‌  كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردوون یان به‌ركاری كردوون یان هه‌مواری كردوون.

ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئێمه‌ سه‌رتاو به‌شی یه‌كه‌مه‌، خوا یار بێت به‌شی تریشی به‌دوادادێت، كه‌ كۆ كردنه‌وه‌و خستنه‌ به‌رده‌ستی سه‌رجه‌م هاوپه‌یوه‌سته‌كانی ئه‌م یاساو بڕیاره‌ یاسایانه‌یه‌ له‌په‌یڕه‌وو رێنمایی كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردساته‌نه‌وه‌ وه‌ك ئاسانكاریی            بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاساو بڕیاره‌ یاسایانه‌ ده‌رچوون، بۆ ئه‌مه‌ش داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین هاوكاری به‌شی بنكه‌ی یاسادانان بن و سه‌رجه‌م داتاكانیان بخه‌نه‌ به‌رده‌سه‌تمان.

چونكه‌ تا ئێستا ته‌نها به‌شێكى ئه‌و داتایانه‌مان پێگه‌یشتووه‌ كه‌ خۆى له‌ داتاى ته‌نها (4) وه‌زاره‌تدا ده‌بینێته‌وه‌ له‌ كاتێكدا زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌ فه‌رمى داوامان كردوون.

به‌رێزان.... ئه‌م كاره‌ی ئێمه‌ ده‌ستمان پێكرد هه‌روا به‌ئاسانی نه‌هاتۆته‌ ده‌ست، به‌تایبه‌تی له‌بارودۆخێكی دارایی وا خراپدا، ئه‌گه‌ر له‌خۆبوردوویی ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان، سه‌رۆكایه‌تی دیوان و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ و فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مان، نه‌بوایه‌ بێگومان ئه‌م به‌رهه‌مه‌ نه‌ده‌هاته‌ دی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌گرنگی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌ به‌شێك له‌و ئاسته‌نگانه‌ بكه‌م كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌م ئه‌ركه‌دا ڕووبه‌ڕوومان بووه‌وه‌:-

 

1- نه‌بوونی كادری خاوه‌ن ئه‌زموون بۆكاركردن له‌و بواره‌دا، بۆیه‌ پێویست بوو كه‌كادر له‌ناوخۆی په‌رله‌مان ڕابهێنرێت و ئاماده‌بكرێت و گه‌شه‌ی پێبدرێت له‌بری په‌نابردنه‌ به‌ر ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان، تاكوو بتوانن ئه‌وكاره‌ له‌ئیستاو داهاتودا به‌رێوه‌ببه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش خولی راهێنان و فێربوون بۆ فه‌رمانبه‌رانی ده‌ستنیشانكراو كرایه‌وه‌.

2- نه‌بوونی ده‌قی چاپكراو به‌شێوه‌ی (word ) بۆ زوربه‌ی یاساو بڕیاره‌ یاساكان، كه‌ ئه‌مه‌ خۆى له‌خۆیدا جێگه‌ى سه‌رسوڕمانمان بوو، بۆیه‌ به‌ناچارى له‌ ڕێگه‌ى لیژنه‌وه‌ یاساو بڕیاره‌ یاساكان تایپ كرانه‌وه‌و به‌ شێوه‌ى (word) خرانه‌ به‌رده‌ست لیژنه‌ى باڵا.

3- ئاڵۆزی شێوازی هه‌مواركردنی هه‌ندێك له‌یاساكان، بۆنمونه‌: له‌هه‌ندێك له‌یاساكانى هه‌مواردا، ناونیشانی یاسا بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌ هاتبوو، ئه‌وه‌ش پێوستى به‌وریایی و وردبوونه‌وه‌ى زیاتربوو له‌ناوه‌ڕۆكی مادده‌كانى هه‌مواره‌كه‌، تابگه‌ین به‌زانینی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌هه‌موار كراوه‌.

4- بوونی هه‌ندێك هه‌ڵه‌ی یاسایی له‌نێو هه‌مواره‌كاندا، بۆنمونه‌: له‌هه‌ندێك له‌یاساكانی هه‌مواركردن ئاماژه‌ به‌هه‌مواركردنی ماده‌یه‌كی دیاریكراو كراوه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و مادده‌یه‌ له‌یاساكه‌ بابه‌تی هه‌مواركردنه‌كه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو مادده‌یه‌كی تربووه‌ كه‌په‌یوه‌ندی به‌ مادده‌ ناوهێنراوه‌كه‌وه‌ نی یه‌.

5- دارشتنی مه‌نهه‌جیه‌تێك بۆ چۆنیه‌تی یه‌كخستنی هه‌مواره‌كان، ئه‌وه‌ش خۆی له‌خۆیدا ئیشكالیه‌تێكی گه‌وره‌بوو، تاجێگیربووین له‌سه‌ر مه‌نهه‌جیه‌تێكی گونجاو، بێگومان ئه‌وه‌ش به‌سوود وه‌رگرتن له‌بنكه‌ی یاسادانانی عیراقی و ئه‌وكارانه‌ی به‌شێك له‌په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌خوله‌كانی تری په‌رله‌مان كردوویانه‌ .

6- هه‌مواری پیاده‌كردنی یاسا ئیتحادییه‌كان، بۆخۆى كێشه‌یه‌ك بوو، ئه‌و پرسیاره‌ى درووست ده‌كرد كه‌ ئایا یاسایه‌كی ده‌رچوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان ده‌توانێت ناوه‌ڕۆكی ئه‌سڵى یاسایه‌كی ئیتحادی هه‌موار بكات، بۆ وه‌ڵامى ئه‌مه‌ پێویستمان به‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ هه‌بووه‌، تا دواتر گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕیاره‌ى كه‌ یاسای هه‌مواری پیاده‌كردن له‌هه‌رێم ناتوانێت یاسا بنه‌ره‌تیه‌كه‌ (ئیتحادیه‌كه‌) هه‌مواربكات، به‌ڵام ده‌توانێت پیاده‌كردنی ئه‌و یاسایه‌ ته‌نها له‌ هه‌رێم هه‌موار بكات و حوكمه‌كانى بگۆڕێت، بۆیه‌ له‌كۆتایدا بڕیاردرا به‌دانانی یاسا ئیتحادییه‌كان وه‌ك خۆی و به‌بێ هه‌مواركردن به‌ جیاو دانانى یاساى هه‌موارى پیاده‌كردنیشیان به‌جیاو له‌ژێر دوو ئایكۆنى جیاوازدا.

7- ئه‌ندامانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو خۆیان ته‌رخان نه‌كردبوو بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌و بنكه‌یه‌ چونكه‌ له‌ په‌رله‌مان كار و به‌رپرسیارێتى تریان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵێك ئیشكالیه‌تی هێنایه‌كایه‌وه‌، به‌جۆرێك له‌زۆریك له‌حاڵه‌ته‌كان ئه‌سته‌م بوو هێنده‌ى پێویستى و چڕى كاره‌كان كۆبونه‌وه‌كانی لێژنه‌ له‌ كات و ساتى خۆیدا بكرێت.

8- سه‌رهه‌ڵدانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاریگه‌ری زۆرى له‌سه‌ر كاره‌كان هه‌بوو، جا له‌ڕووی پچڕانی ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ له‌یه‌كتری به‌هۆی كه‌ره‌نتین و وه‌ستانی ده‌وام، یا له‌ڕووی ئاسته‌مى كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌.

به‌ڵام سه‌ربارى هه‌موو ئاسته‌نگه‌كان، سوپاس بۆخوا، سوپاس و ستایش بۆ ڕاوێژكاران، فه‌رمانبه‌ران، ته‌كنیكییه‌كان، كه‌ توانیان به‌ جوهدێكى زۆر باش و دڵسۆزانه‌، بمانكه‌ن به‌ خاوه‌نى بنكه‌ى یاسادانانى هه‌رێمى كوردستان.

له‌ كۆتاییدا، هیوادارم ئه‌م هه‌وڵه‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى باشى باوه‌ڕپێكراو بۆ سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران، توێژه‌ران، پسپۆڕان، ڕاگه‌یاندنكاران و ته‌واوى هاوڵاتیان.

ئێوه‌ش به‌خێربێن و هه‌ر سه‌رفرازبن.