Skip to the content
Menu

خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی په‌رله‌مان ده‌به‌خشرێته‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سایه‌تی و ڕێكخراو و كۆمه‌ڵانه‌ی هاوكاریى خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٢/٥، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و كه‌سایه‌تیی حكوومی و ناحكوومى و كه‌رتی تایبه‌ت و ژماره‌یه‌ك ڕێكخراو و كۆمه‌ڵه‌، كه‌ هاوكاریى خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كه‌ن، له‌ هۆڵی په‌ناگیرى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، مه‌ڕاسێمێك بۆ ڕێزلێنان له‌و كه‌سایه‌تی و ڕێكخراو و كۆمه‌ڵانه‌ به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانى ڕێگای ڕزگاریی كوردستان، به‌تایبه‌ت شه‌هیدانى په‌لاماره‌كانی ئه‌مدواییه‌ی تیرۆریستانی داعش ده‌ستی پێكرد، هه‌ریه‌ك له‌ د. هێمن هه‌ورامی و منى نبى قه‌هوه‌چی، خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌خشییه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تیی حكوومى و ناحكوومى و كه‌رتی تایبه‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌و ڕێكخراو و كۆمه‌ڵانه‌ كرد كه‌ به‌رده‌وام هاوكاریی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان ده‌كه‌ن.