Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازیی لەپزیشکی داهێنەری کورد د.ئازاد نەجاڕ کرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/2/17، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازیی لەپزیشكی داهێنەری كورد د.ئازاد نەجاڕ کردو پشتیوانیی په‌رله‌مانى كوردستانی بۆ هەوڵ و داهێنانە ناوازەكانی دووپات كردەوە كە یەكێك له‌داهێنانه‌كانیشى دروستكردنی دڵی دەستكردە.
لەدیدارێكدا كه‌سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌و مافی به‌كاربه‌ر له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوون، د.هێمن هه‌ورامی به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ ستایشی ھە‌وڵ و داھێنانە‌كانی د.ئازاد نەجاڕ-ی کرد، كە‌خزمە‌تێكی به‌رچاوى بە‌پێشكەوتنی بواری پزیشكی لە‌جیھاندا كردووەو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ شانازییەکی گەورەیە پزیشکێکی کورد لەڕێگەی ‌داھێنانە‌كانییەوە جێگه‌ی خۆی لەسەر نەخشەی پێشكه‌وتنی زانستی پزیشکیدا بكاتەوەو هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواست لەداهاتوودا، پشتیوانیی پەرلەمانی کوردستانیشی بۆ د.ئازاد نەجاڕو سەرجەم ئەو داهێنەرە كوردانه‌ی تر ده‌ربڕی کە لەبوارە جیاجیاکاندا خزمەت بەمرۆڤایەتی دەکەن له‌کوردستان و جیهاندا، داواشی لێكرد كه‌ هاوكارو هه‌ماهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مان بۆ به‌ره‌وپێشچوونی سیسته‌می ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
لای خۆیەوە د.ئازاد نەجاڕ خۆشحاڵیی خۆی بەو پێشوازییە دەربڕی و ئامادەیی خۆی نیشاندا کە بەتوێژینەوەکانی لەبواری زانستی پزیشکیدا هانی گه‌نجانی كوردستان ده‌دات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین كۆڕو سیمینارى له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌ولێرو سلێمانی و دهۆك ئه‌نجام داوه‌، سوپاسی پشتیوانیی په‌رله‌مانی كوردستانیشی کردو ئامادەیی خۆشی نیشاندا کە بەتواناكانی لەبواری تەندروستیدا خزمەتی کوردستان بكات.
دوارت له‌لایه‌ن سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مان چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زیاترى كه‌رتی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستانداو له‌مباره‌یه‌وه‌ش گفتوگۆیه‌كی چڕ به‌ئامانجی گه‌یاندنی خزمه‌تی زیاتر به‌هاووڵاتییان له‌بوارى ته‌ندروستیدا كرا.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا دیارى رێزلێنانی په‌رله‌مان پێشكه‌ش به‌د.ئازاد نه‌جاڕ كرا.