Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازی له‌ژماره‌یه‌ك له‌هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌رى باڵه‌كایه‌تی ده‌كات

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/2/8، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ژماره‌یه‌ك له‌هاووڵاتییانی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی كرد كه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كردبوو.
له‌دیدارێكدا كه‌ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوون، گفتوگۆ لەسەر رەوشی ناوچەکانیان و پرسی جموجوڵی چەکدارانی پەکەکەو بۆمببارانی فڕۆکەکانی تورکیاو تۆپبارانه‌كانی ئێران لەو ناوچانه‌ كراو ڕاشکاوانە باس له‌هۆکاری کێشەکان و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوەو نەھێشتنی ئەو مەترسییانە كرا کەبەداخەوە پێشتر ژمارەیەک ھاوولاتی بەھۆی بۆمبباران و تۆپبارانى ناوچەکەیانەوە بوونە قوربانی.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا شاندی میوان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ گه‌یاندنی كیشه‌و گرفته‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان و ئه‌و زه‌ره‌رو زیانانه‌ى كه‌به‌هۆی بۆردوومان و تۆپبارانه‌كانی ولاتانی دراوسێوه‌ پێیان ده‌گات و داوایانكرد ‌هه‌وڵی راگرتنی ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ بدرێت.
لای خۆیه‌وه‌ د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای به‌رزنرخاندنی رۆلی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ له‌هاوكارییه‌كانیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌و شۆڕشه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، نیگه‌رانیی قووڵی خۆی ده‌بڕی به‌رامبه‌ر بۆمببارانكردن و تۆپبارانكردنی سنووره‌كانیان له‌لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ و رایگه‌یاند: "ئیدانه‌ی هه‌موو جۆره‌ هێرش و په‌لامارێك ده‌كه‌ین كه‌ بكرێته‌سه‌ر خه‌ڵك و خاكی كوردستان و ببێته‌‌ هۆى شه‌هیدبوونی خه‌ڵكی سڤیل و سووتانی ماڵ و حاڵ و ره‌زو باخه‌كانیان و وێرانكردنی دێهاته‌كانی كوردستان كه‌بەھۆی جموجوڵی پەکەکە لەنزیک شوێنە مەدەنییەکان بیانوو ‌ده‌ده‌نه‌‌ ده‌ست وڵاتانی دراوسێ بۆ تۆپبارانكردن و بۆمبارانكردنى ئه‌و سنوورانه‌"، گووتیشی: "لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی ھەرێم بەدواداچوونی ورد دەکەین بۆ داواکارییەکانتان".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مان كرد بۆ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ دۆخی ناوچه‌ سنوورییه‌كان.