Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریی كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2021/2/21، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ سه‌رۆك و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان یاوه‌ررییان ده‌كرد، سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی داده‌وریى كردو له‌لایه‌ن دادوه‌ر به‌نگین قاسم محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری پێشوازیی لێكرا.
له‌دیدارێكدا كه‌ جێگرانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نى داده‌وه‌رى و سه‌رۆكی داواكاری گشتی و راوێژكارو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئه‌نجوومه‌ن ئاماده‌یبوون، باس له‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری وه‌ك دوو ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و دادوه‌ری كرا.
د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری روونكرده‌وه، كه‌ بۆ پته‌وكردنی زیاترى هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رى-یه‌و رایگه‌یاند: "له‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وام له‌نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و دادوه‌رى ده‌كه‌ن، سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رى-یمان كردووه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ژماره‌یه‌ك بابه‌تی هاوبه‌ش هه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ڕِووی یاساییه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌هه‌ردوولا هه‌یه‌و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆیان پێویستیی به‌كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش هه‌یه‌".
هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك خاڵی خسته‌ڕوو كه‌په‌یوه‌ست بوون به‌كاروباری چه‌ند لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و جه‌ختیشی له‌سه‌ر پێویستییی هه‌ماهه‌نگى و كارى پێكه‌وه‌یى و به‌رده‌وامبوونی ئه‌وجۆره‌ دیدارو كۆبوونه‌وانه‌ كرده‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌رى باسی له‌گرنگیی ئه‌وجۆره‌ سه‌ردانانه كرد بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و كێشه‌و گرفته‌ یاساییانه‌ی كه‌هه‌ن به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆیان.
دواتر سه‌رۆك لیژنه‌كان ‌و په‌رله‌مانتاران و راوێژكارانى په‌رله‌مان، بۆچوون و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئاراسته‌یان كراون‌ له‌په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندییان به‌ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری-یه‌وه‌ هه‌یه‌.
له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و جێگرانى و راوێژكاران و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌، به‌وردی وه‌ڵامی پرسیارو تێبینییه‌كانی شاندی باڵای په‌رله‌مانیان دایه‌وه‌و له‌گفتوگۆیه‌كی كراوه‌شدا میكانیزمی گونجاو بۆ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ری پێویست و له‌بار له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ خڕانه‌ڕوو.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، وێڕای ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌دواداچوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ی كه‌خراونه‌ته‌ڕوو، به‌رده‌وامیدان به‌گفتوگۆو كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوولا جه‌ختى له‌سه‌ر كرایه‌وه‌.