Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی داد ده‌كات

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 2021/2/21، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ سه‌رۆك و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافى مرۆڤ و سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان یاوه‌ررییان ده‌كرد، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی دادی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن د.فرسەت ئەحمەد وه‌زیرى داد پێشوازیی لێكرا.
لەدیدارێکدا کە دادوەر عەبدولڕِەحمان سیوەیلی بەڕێوبەری گشتیی داد ئامادەیبوو، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، مه‌به‌ستی سەردانەکەی ڕوونكرده‌وه‌ کە بۆ هەماهەنگیکردنی زیاترە لەنێوان پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاگاداربوون له‌ئاستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم و ئەو برگانەی کە په‌یوه‌ستن بەوەزارەتی داد و هه‌روه‌ها پێداویستیی وەزارەتی داد بۆ یاسادانان و دەرکردنی یاسای نوێ یان هەموارکردنەوەی یاسابه‌ركاره‌كان، بۆ ئه‌مه‌ش ئامادەیی و هاوکاریی و هەماهەنگیی پەرلەمانی کوردستانى ده‌ربڕی.
سەرۆکی لیژنەکانیش هەریەکەیان بەپێی تایبەتمەندیی لیژنەکانیان پرسیاریان ئاڕاستەی وەزیری داد کرد .
لای خۆیه‌وه‌ د.فرسه‌ت ئه‌حمه‌د وەزیری داد سه‌باره‌ت به‌کۆمەڵێک بابەتی هاوبەشی نێوان وەزارەتی دادو پەرلەمانی کوردستان و لیژنە تایبەتمەندەکانى په‌رله‌مان روونکردنەوەی پێویستی خستەڕوو و ئاماژەی بەهەنگاوەکانی وەزارەتی داد کرد لەچوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمداو دووپاتی لەوە کرده‌وە کە وەزارەتی داد سەرقاڵی دەرکردنی گۆڤارێکی زانستییە بەناوی "گرێبەستی کۆمەڵایەتی" کەئەرکی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستییە، پاش ئەوەی (٢٠) راوێژکاری گۆڤارەکە هەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەکان دەکەن، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کەیەکەی یەکسانیی جێندەری و مافەکانی مرۆڤ لەوەزارەتی داد کراوەتەوەو فەرمانبەرانی تایبەتمەند کاری تێدا دەکەن.
وەزیری داد ئاماژەشی بۆ کێشەکانی بەردەم لیژنەی قانوونیی ئەنجوومەنی وەزیران کردو بەپێی پرسیاری ئەندامانی پەرلەمان، روونکردنەوەی لەسەر مەسەلەی زێدەڕِۆیی سەر زەوی و زارەکانداو دووپاتی لەوەکردەوە کەئەگەر رێگە لەدەستدرێژیی نوێ بۆ سەر زەوییە گشتییەکان نەگیرێن، چۆن دەتوانرێت کێشەی (تەجاوزات) چارەسەر بکرێت، سەبارەت بەکارکردنی کۆمەڵە هەرەوەزییەکانیش لەپارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک و راوەستانی کارەکانی لەسنووری پارێزگای هەولێر، وەزیری داد رایگەیاند: "راگرتنی کارەکانی کۆمەڵەی هەرەوەزی لەپارێزگای هەولێر بەبڕیارێک بووە کەتەنیا بۆ هەولێر دەرچووە، نەوه‌کو بۆ هەموو پارێزگاکان، بەڵام ئەوانەی سلێمانی و دهۆک کەس داوای راگرتنیانی نەکردووە، بۆیە بریاری راگرتنیان بۆ دەرنەچووە".