Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات

له‌درێژه‌ی سه‌ردان و به‌دواداچوونه‌كانی په‌رله‌مان بۆ كاروباره‌كانى وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2021/2/14، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامان و راوێژكارانی هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ و لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانى كوردستان یاوه‌رییان ده‌كرد، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و بریكارو به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان و راوێژكارانی وه‌زاره‌ت پێشوازیی لێكرا.
له‌كۆبوونه‌وه‌‌یه‌كدا د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان سوپاسی وه‌زیرو ستافی وه‌زاره‌تی كرد بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی كه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌ت و لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌مافی مرۆڤ و لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافى ئافره‌ت له‌په‌رله‌مان هه‌یه‌، دواتر چه‌ندین پرس و ته‌وه‌ری خسته‌ڕوو، له‌وانه‌ پرسی چاكسازی و له‌ئێستادا هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ له‌چ قۆناغێكدایه‌ له‌سنووری وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌كارنامه‌ی حكومه‌تدا هاتووه‌ تایبه‌ت‌ به‌سێكته‌رانی وه‌زاره‌ت كه‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگی پێداوه‌، جه‌ختیشی له‌چاكسازییه‌كی گشتگیر كرده‌وه‌ له‌ڕووی كارگێڕی و دارایی و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕۆتین له‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمدا كه‌خواستی په‌رله‌مانی كوردستانه‌، ئاماده‌یى په‌رله‌مانیشی بۆ به‌ره‌وپیشچوونی كاره‌كانی وه‌زاره‌ت له‌ڕووی ده‌ركردنی یاسا یاخود هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسابه‌ركاره‌كانى په‌یوه‌ست به‌كاروبارى وه‌زاره‌ته‌كه‌ ده‌ربڕی به‌سوودوه‌رگرتن له‌ڕاو سه‌ر‌نج و پێشنیازه‌كانی وه‌زاره‌ت و خه‌ڵكی پسپۆرو شاره‌زا له‌بواره‌كه‌دا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان.
دواتر كوێستان محه‌مه‌د وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی باڵای په‌رله‌مان، پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌‌كارو چالاكییه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی ڕابردووداو هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ى بۆ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له‌سنووری وه‌زاره‌تدا خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌و كێشه‌و گرفتانه‌ كرد كه‌ به‌هۆی دۆخی ته‌ندروستی و دارایی رووبه‌ڕوویان بۆته‌وه،‌ هه‌روه‌ها پلان و به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌تى بۆ گشت سێكته‌ره‌كانی سنووری وه‌زاره‌ت بۆ ساڵی 2021 خسته‌ڕوو.
راشیگه‌یاند: "له‌ئێستادا چه‌ند یاسایه‌ك له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆئه‌وه‌ى هه‌موار بكرێنه‌وه‌و‌ هه‌ندێ پڕۆژه‌یاساش خه‌ریكى تاووتوێكردن و ئاماده‌كرنین به‌هه‌ماهه‌نگیی هه‌ندێ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار، یه‌كێك له‌و ‌پڕۆژه‌یاسایانه‌ش ره‌شنووسى پڕۆژه‌یاساى جێگره‌وه‌ى خێزان، هه‌ندێ پڕۆژه‌یاساش تاماده‌كراون و ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى شوورا كراون بۆئه‌وه‌ى رێكاره‌ یاساییه‌كانى خۆى وه‌ربگرێت".
دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان،‌ چه‌ندین پرسیارو سه‌ر‌نج و تێبینی و پێشنیاز سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی كرێكاران و كه‌مئه‌ندامان و ڕه‌وشی به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاكسازی و پاراستنی تۆڕِی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و چه‌ندین پرسی تر له‌چوارچێوه‌ی كاری وه‌زاره‌ت خرانه‌ڕوو.
لای خۆشیانه‌وه‌ وه‌زیری كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ستافی وه‌زاره‌ت، وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیارو تێبینییه‌كان درایه‌وه‌و‌ هه‌ردوولاش جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی زیاتری نێوان لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كرده‌وه‌ بۆ خزمه‌تگه‌یاندنى زیاتر به‌خه‌ڵكی كوردستان.