Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و شاندێکی یاوەری کرد

ئەمڕۆ ٢٠٢١/٢/٢٤ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی کرد لە کاکیک گالاجیان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و هراچیان پۆلادیان باڵیوزی ئەرمینیا لە عێراق و ئارشاک مەنوکیان کۆنسوڵی گشتی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان و ڕۆستەم باکۆیان ئەندامی پەرلەمانی ئەرمینیا و شاندێکی یاوەریان.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنە جیاجیاکان ئامادەی بوون، د. هێمن هەورامی خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانەی شاندی میوان دەربڕی و ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکی لەمێژینە و قوڵ گەلی کوردستان و گەل ئەرمینیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە"، پاشان باسی لە پێکهاتە و شێوازی کارکردنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ شاندی میوان کرد، و ئەوەی خستەروو کە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتیی سەرجەم نەتەوە و ئاین و چین و توێژەکانی کوردستان لەخۆ دەگرێت، هاوکات پێشنیازی دامەزراندنی گرووپی دۆستایەتی نێوان هەردوو پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی ئەرمینیای کرد، و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا پەرەی زیاتر بەخۆوە ببینێت و سود لە ئەزموونەکانی کاری پەرلەمانی یەکتر وەربگرن.
پاشان لەلایەن سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمانی کوردستان، کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و بە پێز خرانە ڕوو، کە خزمەت بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی ئەرمینیا دەکات.
لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان، خۆشحاڵی خۆیان بەو پێشوازییە دەربڕی، هاوکات جەختیان لەو پەیوەندییە لە مێژینەیە کردەوە کە هەردوو گەلی کوردستان و گەلی ئەرمینیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، و هیوایان خواست لەداهاتوودا پەیوەندییەکانیان لە ڕووی ئابووری و کولتورییەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەی زیاتر بەخۆوە ببینێت.