د. هێمن هەورامی پێشوازی لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری فەرەنسا و یەکێتی ئەوروپا کرد
دوای نیوەرۆی ئەمرۆ ٢٠٢١/٢/٢٧ د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە فریدریک دوماس ئەندامی پەرلەمانی فەرەنسا و شاندێکی یاوەری کرد کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری فەرەنسا و پەرلەمانتارانی فەرەنسی لە یەکێتی ئەوروپا.
لە دیدارێکدا کە د. ڕێبوار بابکەیی سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان و فەرید یەعقوب ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، و د. علی دۆلەمەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا ئامادەی بوون، د. هێمن هەورامی وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان رایگەیاند:" پەیوەندییەکی قوڵ و مێژووی هەیە لە نێوان سەرۆکە یەک لەدوای یەکەکانی فەرەنسا و گەلی فەرەنسی لەگەڵ گەلی کوردستان "، هاوکات رۆڵ و کاریگەری ئەرێنی کۆماری فەرەنسای بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان بەرز نرخاند، کە لە رابردوو لەسەردەمی بزووتنەوەی رزگاری خوازی کوردستان، و لە شەری تیرۆریستانی داعشدا، پشتگیری و پشتیوانی هەرێـم و خەڵکی کوردستانی کردووە.
پاشان بارودۆخی سیاسی و ئابوری و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدای بۆ شاندی میوان خستەروو، هاوکات جەختی لە پێویستی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و هەرێـمی کوردستان کردەوە.
لەتەوەرێکیتردا، د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە بەهێزترکردن و هەماهەنگی زیاتری نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی فەرەنسا کرد لەچوار چێوەی کاری پەرلەمانی لە نێوان هەردوو لادا .
لەلایەن خۆیانەوە شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بەو پێشوازییە دەربڕی و جەختییان لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پەرلەمانی کوردستان و فەرەنسا کردەوە.