Skip to the content
Menu

د.هێمن هەورامی سەردانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن دەکات

هه‌ر له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كانیدا به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاودێریكردنی كاروباره‌كان له‌دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌شێوازو میکانیزمی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی لەپەرلەمان پەسەندکراون، دوای نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ دووشەممە 2021/2/1، د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کەسەرۆک و جێگرو بڕیاردەرو ئه‌ندامانى لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانى كوردستان یاوه‌رییان ده‌كرد، سەردانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنى حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستانى کردو لەلایەن ئانۆ جەوهه‌ر عه‌بدۆکا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن و بەرێوەبەرە گشتییەکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت پێشوازیی لێکرا.
لەکۆبوونەوەیەکدا د.هێمن هەورامی، وێڕای گەیاندنی سوپاسگوزاری بەناوی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بۆ ئەو هەماهەنگییەی کەلەگەڵ لیژنەی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزارى پەرلەمان هەیانە، هه‌روه‌ها چەندین پرس و تەوەرى تایبەت بەکارەکانی وەزارەت لەچوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم خرانەڕوو کەپەرلەمانی کوردستان دەنگی پێداوە، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنیان لەڕووی چاکسازی و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجی و کێشەی هێڵی ئینتەرنێت و دروستکردنی فڕۆکەخانەی دهۆک و چۆنیەتیی گرێبەستی کۆمپانیاکان و شێوازی گەیاندنی پۆست بەهاووڵاتییان و کێشەی هێڵەکانی گواستنەوەی نێوان شارەکان و زانینی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و پلان و ستراتیژییەتی وەزارەت بۆ بەرەوپێشچوونی كه‌رتى گواستنەوه‌و گەیاندن لەهەرێمی کوردستان كرا.
لەلایەن خۆیەوە ئانۆ جەوهەر عه‌بدۆکا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن، خۆشحاڵیی خۆی بەسەردانی شاندی باڵای پەرلەمان بۆ وەزارەتەکەی دەربڕی و سوپاسی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندنی كرد بۆ پاڵپشتی و بەدواداچوونیان بۆ كاروباری حكومەت.
هەر لەدیدارەکەدا وەزیری گواستنەوەو گەیاندن، تەواوی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەتایبەت لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لەچوارچێوەی کاری وەزارەتەکەی خستەڕوو، هەروەها بەوردی باسی لەسێکتەرەکانی تایبەت بەگواستنەوەو گەیاندن کرد كە لەئێستادا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لەڕێكخستنەوەی کارەکانی هێڵەكانی گواستنەوەی گشتی و بەدواداچوون لەسەر كێشەكانی خزمەتگوزاریی كۆمپانیاكانی گەیاندن كەهەمووی بەیاسا رێكخراون، گووتیشی: "لەئێستادا دووبارە پێداچوونەوە بەگرێبەستی كۆمپانیاكان دەكرێت، بۆ زیاتر دڵنیابوون بەپابەندبوونی كۆمپانیاكان بەپێدانی شایستەداراییەكان و گەراندنەوەی داهاتی زیاتر بۆ خەزێنەی حكومەت".

پاشان لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی شارەوانی و گەشتوگوزارو گواستنەوەو گەیاندن، کۆمەڵێک تێبینی و پرسیارو گەیاندنی داواکاريی هاووڵاتیيان بۆ بەدواداچوون خرانەڕوو و لەلایەن وەزیرو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت وەڵامدرانەوە.