Skip to the content
Menu

د.ڕێواز فایەق پێشوازیی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی عێراق له‌ڕێكخراوی هارتلاند ئه‌لاینسی نێوده‌وڵه‌تی کرد

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/2/8، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی فوئاد ئه‌حمه‌د سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ صلاح صدیق به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی عێراق له‌ڕێكخراوی هارتلاند ئه‌لاینس–ی نێوده‌وڵه‌تی (HEARTLAND ALLIANCE INTERNATIONAL) كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌عێراق و كوردستان كراو گفتوگۆی تێرو ته‌سه‌ل له‌باره‌ی زۆربه‌ی ئه‌و یاسایانه‌وه‌ كرا كه‌ په‌یوه‌ستن به‌مافه‌كانی مرۆڤ، له‌نێویاندا یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، هه‌روه‌ها یاسای نه‌هێشتنی بازرگانیكردن به‌مرۆڤ و یاسای به‌خشین و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان.
د.ڕێواز فایه‌ق ڕایگه‌یاند: "پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی و بنبڕكردنی پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌مرۆڤ، ئه‌ركی سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، فشاری ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش بایه‌خ و كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كان له‌دونیادا، ئێمه‌ پێمانوایه‌ كاركردن به‌بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ( مبدأ فصل السلگات)، یه‌كێكه‌ له‌بنه‌ما گرنگه‌كانی فه‌رمانڕه‌وایی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت كاری ته‌واوكاری له‌گه‌ڵ یه‌كتردا بكه‌ین و چاوپۆشی له‌كه‌موكوڕییه‌كانی یه‌كتر نه‌كه‌ین له‌هه‌ر بوارێكدا بێت، به‌تایبه‌ت بواری مافه‌كانی مرۆڤ، هاوكات هه‌ر یاسایه‌ك كه‌په‌رله‌مانتاران یان لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌دواداچوون و پێشنیاز بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی بكه‌ن و لیژنه‌ی یاسایی پشگیریی خستنه‌ ناو به‌رنامه‌ی كاری بۆ بكات، به‌پێیی ڕێكاره‌ یاسایی و ته‌شریعییه‌كان هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ین".
لای خۆیه‌وه‌ صلاح صدیق به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی عێراق له‌ ڕێكخراوی (HEARTLAND ALLIANCE INTERNATIONAL)، پاڵپشتیی خۆی بۆ تێڕوانینه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و له‌سه‌ر زۆربه‌ی بابه‌ته‌كان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون له‌نێوانیاندا كرا.گ
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا بڕیاریاردرا له‌ئاینده‌دا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك له‌نێوان په‌رله‌مان و ڕێكخراوی ناوبراودا ئه‌نجام بدرێت به‌هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان.