Skip to the content
Menu

د.ڕێواز فایه‌ق پێشوازى له‌وه‌زیرى دادى عێراق ده‌كات

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/2/1، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له دادوه‌ر سالار عبدالستار محه‌مه‌د‌ وه‌زیری دادی عێراق و دیندار زێباری ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ كرا كه‌ڕه‌هه‌ندی یاسایی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی، ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان له‌باره‌ی بابه‌ته‌ ته‌شریعییه‌كان ته‌وه‌رێكی گرنگی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "هه‌موو ئه‌و پرسه‌ گرنگ و یاساییانه‌ی كه‌په‌یوه‌ندییان به‌مافه‌كانی مرۆڤ و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و ده‌سته‌به‌ركردنی مافی زیانلێكه‌وتووانی جه‌نگه‌وه‌ هه‌یه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌ده‌ركردنی ته‌شریع بۆیان به‌گفتوگۆو ڕاوێژی هه‌ردوولا بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌لی كورد له‌ڕابردوودا گه‌وره‌ترین زیانی گیانی و مرۆیی به‌ركه‌وتووه‌و قوربانیی پرۆسه‌كانی جینۆسایدو ئه‌نفال بووه‌".
پاشان هه‌ریه‌ك له‌ دادوه‌ر سالار عبدالستار وه‌زیری دادى عێراق و دیندار زێباری ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تیشكیان خسته‌سه‌ر چه‌ندین بابه‌تی گرنگ له‌باره‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌عێراق و كوردستاندا.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا بڕیاردرا كه‌هاوئاهه‌نگیی بەردەوام لەنێوان وه‌زاره‌تی دادی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستان دروست بكرێت بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاو سوودمەندبوون لەتواناكانی بەردەست.