Skip to the content
Menu

لیژنەی دارایی بەدواداچوون بۆ هەنگاوەكانی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای بودجەى هه‌رێم دەكات

بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند بابەتێكی په‌یوه‌ست به‌بوارى دارایی و ئابووری، ئەمڕۆ سێشەممە 2021/2/9، شاندێكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری، بەسەرۆكایەتیی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەو ئه‌ندامیه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكه‌، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كردو له‌لایه‌ن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیى لێكرا.
لەدیدارێكدا كه‌به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی دیوانى وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ی وه‌زیر ئاماده‌یبوون، سه‌ره‌تا سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ وه‌زاره‌ت روونكرده‌وه‌ كه‌بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ داڕشتنی بودجه‌ى 2021ى هه‌رێم و ئاستی گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێم و به‌غداو پرسی باج و رسومات و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانی هه‌رێمه‌.
پاشان له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ به‌وردى گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەكان و ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ى هه‌رێم كراو روونكردنەوەى پێویست له‌وباره‌یه‌وه‌ لەلایەن شاندی وەزارەتی دارایی و ئابووری پێشكه‌ش به‌لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان كرا.
له‌تەوەرێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا باس له‌ئاستی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا كراو وەزیری دارایی و ئابووری گەشبینیى خۆى به‌ئاستی پێشوه‌چوونی گفتوگۆكان ده‌ربڕی.
هه‌نگاوه‌كانى وه‌زاره‌ت بۆ رێكخستنەوەی باج و رسومات و هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت بۆ پێدانی مووچەى مووچه‌خۆرانی هه‌رێم هه‌ر 30 رۆژجارێك، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوون.
له‌كۆتایى دیداره‌كه‌شدا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی-یه‌وه‌ بەیان مالیی ساڵی 2020، درایه سەرۆك و جێگرو بڕیاردەرو ئەندامانی لیژنەكه‌ی په‌رله‌مان.