Skip to the content
Menu

لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ بەیەك پاكێج بەدواداچوون بۆ رەوشی مافی مرۆڤ دەكات

بەمەبەستی دانانی بەرنامەی كار بۆ مانگی سێ و بەدواداچوون بۆ رەوشی مافی مرۆڤ پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2021/2/24، لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی رۆمیۆ هەكاری سەرۆكی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژكارانی لیژنەكە كۆبووەوە.

لەسەرەتای كۆبوونەوەكە، سەرۆكی لیژنە بەرنامەی كاری خوێندەوە كە خۆی دەبینیەوە لە چەند خاڵێكدا، لە خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار سەرجەم ئەو نوسراو یاداشتانەی ئاراستەی لیژنە كرابوون رێكاری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیان بەرامبەر جێبەجێكرا.

خاڵی دووەم تایبەت بوو بە دانانی بەرنامەی كار بۆ مانگی سێ، دوای گفتوگۆكردنی ورد و راگۆڕینەوە بەرنامەی كاری مانگی سێ دانرا، هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ و ئەو پێشێلكاریانەی ئەنجامدراون، بۆیە لیژنەکە بڕیاریدا بەیەك پاكێج بەدواداچوون بكات و لەرێگەی راپۆرتێكەوە ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی کوردستانی بكات، لەگەڵ كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەم بابەتە لەگەڵ هەردوو لیژنەی كاروباری یاسایی و لێژنەی رۆشنبیری.

هەروەها کامەران محەمەد، راوێژكاری لیژنەکە راسپێردرا بۆ رێكخستنی پەیوەندیەكان و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، بڕیاریشدرا لەگەڵ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی گفتوگۆ بكرێت لەسەر ناردنی رەشنووسی یاسایی پارێزگاری لە مافی منداڵ.