Skip to the content
Menu

لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان کار لەسەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بەوەرزش دەکات

بەمەبەستی پێشکەشکردنی ڕەشنووسی یاسای لیژنەی ئۆڵۆمپیی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 2021/2/22، لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان، بەسەرپەرشتیی سەلمە فاتح سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە، پێشوازیی لەشاندێکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی ھەرێمی کوردستان کرد.
کۆبونەوەکە تایبەت بوو بەگفتوگۆکردن لەسەر ھەنگاوەکان و ئامادەکارییەکان بۆ دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بەلیژنەی ئۆڵۆمپیی کوردستان و ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی زیاتری بواری وەرزشی و چالاکییە وەرزشییەکان، لیژنەی ئۆڵۆمپی ڕەشنووس و ڕای لیژنەکەیان ئاراستەی لیژنەی ڕۆشنبیری کردو داوایانکرد کەکاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوە بەڕەشنووسەکە بکرێت و سەرنج و تێبینییەکانیان بەھەند وەربگیرێت.
دواتر سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکە ئاماژەیان بەوەکرد کەبواری وەرزش و چالاکییە وەرزشییەکان و ڕێکخستن و بەیاساییکردنی زیاتری بوارەکە ئەرکی لەپێشینەی لیژنەی ڕۆشنبیری و وەرزش و لاوانەو لەئایندەیەکی نزیکدا سیمینارو وۆرکشۆپی تایبەتی لەسەر دەکەن و سوود لەتواناو پسپۆڕیی لیژنەی ئۆڵۆمپی و کەسانی شارەزاو ئەکادیمی وەردەگرن و ڕێکاری پەیڕەوی دەگرنەبەرو لەنزیکترین کاتدا ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانی دەکەن.