Skip to the content
Menu

نیگەرانی بڕیاری داخستنی بنكەی تەندروستی شەهیدان دەگەیەندرێتە لیژنەی تایبەتمەند

رۆژی سێ‌ شەممە 2021/2/23 لێژنەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سوسن محمد میرخان سەرۆكی لێژنە و هەژان حەسەن کوێستانی بڕیاردەر و ژمارەیەك لە راوێژكارانی لیژنەكە، پێشوازییان لە تاقانەیەكی ئەنفال و ژمارەیەك لە كوڕە شەهید و ستافی بنكەی تەندروستی شەهیدان كرد و لەگەڵیان كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەکەدا، لیژنەكە دوای پێشوازیكردن لە تاقانەیەكی ئەنفال، لە نزیكەوە گوێی لە كێشەو گرفتەكان گرت وبەڵێنیدا بەدواداچوونی بۆ بكات، و داواكارییەكانی بگەیەنێتە لایەنە پەیوەندیدارەكان.
هەر هەمان رۆژ لیژنەكە پێشوازی لە دوو كوڕە شەهیدی هەولێر و دهۆك كرد، كە بەهەمان شێوەی تاقانەكەی ئەنفال گوێیان بۆ كێشەو گرفتەكانیان گرت و كوڕە شەهیدەكانیان دڵنیاكردەوە كە کێشەکانیان دەیگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار.
لێژنەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ ستافی بنكەی تەندروستی شەهیدانی هەولێر كۆبوونەوەو گوێیان لە نیگەرانیەكانی ستافەكە گرت سەبارەت بە بڕیاری داخستنی بنكە تەندروستیەكە لەلایەن وەزارەتی شەهیدان، ئەم بنكەیە خزمەتگوزاریە تەندروستیەكان بەخۆڕایی پێشكەشی خانەوادەی شەهیدان و  کەس و کاری ئەنفالكراوان و جینۆسایدكراوەكان دەكات، بۆیە لیژنەكە بەبڕیاریدا بەجدی بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكات.