لیژنەى ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان بەدواداچوون بۆ یەکەى نیشتەجێبوونى مامۆستایان دەکات
بەمەبەستى لهنزیكهوه ئاگاداربوون لهکێشەكانى یەکەى نیشتەجێبوون لەشارى مامۆستایانى کەلارو پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەشارۆچگهی کفری، ئەمڕۆ دووشەمە 2021/2/22، لیژنەى ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان، بەسەرپەرشتیى هاوڕێ مەلا ستار سەرۆکى لیژنەو ئامادهبوونی جێگرى سهرۆكی لیژنهو بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژکارانى لیژنهكه لههۆڵی لیژنه لهتهلارى پهرلهمان، لهگهڵ بەڕێوەبەرى گشتیى یاسایى دەستەى وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرى وەبەرهێنان لەئیدارەى گەرمیان و یەکێتیى مامۆستایان و ژمارەیەک مامۆستا کۆبووەوە.
سەرەتا سەرۆکى لیژنەى ئاوادانکردنەوەو وەبەرهێنان مهبهستی کۆبوونەوەكهى ڕوونكردهوه کەبۆ لهنزیكهوه ئاگاداربوونه لە کێشەكانىى یەکەى نیشتەجێبوون لەشارى مامۆستایانى کەلارو پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لەشارۆچكهی کفری و دۆزینهوهی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان.
دواتر گفتوگۆى ورد کرا لەسەر کێشەكانی یەکەى نیشتەجێبوون لەشارى مامۆستایانى کەلار، كه ئەمەش لەئەنجامى بەدواداچوونى لیژنهكهی پهرلهمان و ئەو داواکارییانەى كه مامۆستایانى كهلار کەئاراستەى لیژنەكهیان کردبوو گهڵاڵه ببوو کەچەند ساڵێکە ئەو کێشەیە بەردەوامیى هەیەو بۆیە بەپێویستیان زانى لیژنەى پەرلەمانى رۆڵى خۆى ببینێ.
نوێنەرى دەستەى وەبەرهێنان کورتەباسێکى لەسەر پڕۆژەکەو کێشەو گرفتەکان خستەڕوو، پاشان بەشداربووانى کۆبوونەوەکە سەرنج و پێشنیازى خۆیان لەسەر کێشەکانى ئهو یهكهى نیشتەجێبوونه خستەڕوو.
هەروەها سەرۆکی لیژنە سهبارهت بەدەستپێکردنی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون لەشارۆچكهی کفری پرسیاری کردو بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی گەرمیان روونیکردەوە رۆتینێکی کەمی ماوەو لەماوەی داهاتوودا دەستبەکارکردن دەکرێت تیایدا.
لهكۆتایى كۆبوونهوهكهشدا لیژنە بڕیاریدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی هەرێم کاری جدی بکرێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و هەروەها ئەو کێشە تەکنیکییانەى لەپڕۆژەکەدا هەیە.