لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم چه‌ند پرسێكی گرنگى تاووتوێ كرد
بەمەبەستی تاووتوێكردنی چەند پرسێکی گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لیژنه‌كه، پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/2/23، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، به‌سەرپەرشتیی جه‌مال حه‌وێز جێگری سەرۆکی لیژنه‌و ئامادەبوونی بریاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە کۆبووەوە.
سەرەتاى كۆبوونه‌وه‌كه سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و یاداشت و داواکارییانەی ئاراستەی لیژنەكه کرابوون خوێندرانەوە، دوای ده‌ربڕینی ڕاوبۆچوونی ئەندامان له‌باره‌یانه‌وه رێكاری په‌یڕه‌وییان بۆ گیرایه‌به‌رو ئەوانەی پێویستییان به‌وەڵامدانەوە هه‌بوو وەڵامدرانه‌وه، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کران بۆ کاری پێویست.
دواتر بەگشتی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی ھەرێم و دواھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و ناوەند لەبارەی شنگال گفتوگۆی چڕ‌وپڕیان له‌باره‌وه‌كرا، ھەروەھا باس لەو تەعریبە کرا کە لەئێستادا لەسەر ناوچە کوردستانییەکانى ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ده‌كرێت.
تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەكه قسەکردن بوو لەسەر ھەڵبژاردنه‌كانى عێراق و چۆنیەتیی بەرێوەچوونی پرۆسەکە لەناوچە جێناکۆکەکان، بۆ ئەو پرسەش ئه‌ندامانى لیژنه‌كه راو سەرنج و تێبینییه‌كانی خۆیان خسته‌ڕوو جه‌ختییان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه پێویسته ئه‌و پرسه زۆر به‌جدی لەسەر بکرێت و ئه‌و شێوازى هه‌ڵبژاردنه‌ى ئه‌مجاره كه‌بڕیارى لێدراوه نه‌بێتە هۆى کەمکردنی رێژەی دەنگ و کورسیی کورد لەو ناوچانەدا.
لەکۆتایی کۆبوونەوەكه‌شدا لیژنە بریاریدا بەو زووانە سەردانی وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم بکات بەمەبه‌ستی لەنزیکه‌وه ئاگاداربوون سه‌باره‌ت به ڕێکكەوتنی شنگال و دۆخی سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئێدارەی ھەرێم.