Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن میوانداریی وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كارەکانی وەزارەت بەتایبەت هێڵه‌كانی گەیاندن و په‌یوه‌ندی و گواستنه‌وه‌ی گشتی و چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/2/15، لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لیژنه‌و ئامادابوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، میوانداریی ئانۆ جه‌وهه‌ر عەبدۆکا وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد.
له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا كه‌به‌ڕێوبه‌ری گشتیی دیوان و شاندێكی وه‌زاره‌ت ئاماده‌یبوون، سه‌رۆكی لیژنه‌ به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌بریتی بوو له‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسه‌كانی پەیوەندیدار بەو خزمەتگوزارییانەی وەزارەت پێشکەش بەهاوولاتییانى ده‌كات و هەروەها تێبینیی پەرلەمانتاران دەربارەی ئەو بابەتە.
دواتر وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ت و به‌رنامه‌ی كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌و پلانی داهاتووى وەزارەت و كارو چالاكییه‌كانی خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌وه‌ك وه‌زاره‌ت كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌باشترین خزمه‌تگوزاری له‌سێكته‌ره‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌كاری وه‌زاره‌ت پێشكه‌ش به‌هاووڵاتییان بكه‌ن و یاسای چاکسازی بەتەواوەتی و بەوردی جێبەجێ بکەن و هەروەها جەختی کرده‌وە لەسەر هەڵمەتی بەردەوامیی وەزارەت لەپێناو چاکسازیکردن لەگشت بوارەکانی گواستنەوەو گەیاندن و هەروەها نەهێشتنی دیاردەی رۆتین.
پاشان سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌‌ چه‌ندین پرسیارو سه‌رنجیان ئاراسته‌ی وه‌زیرو ستافی وه‌زاره‌ت كرد كه‌ له‌ئه‌نجامی به‌دواداچوون و تێبینی و سکاڵای هاووڵاتییانه‌وه‌ لایان گه‌ڵاڵه‌ بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر كێشه‌و گرفته‌كانی هاتووچۆی گشتی له‌ناو شاره‌كان و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و نرخ و كوالیتیی هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندی و ئه‌نته‌رنێت و كێشه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم.
دوای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری ئه‌ندامان له‌لایه‌ن وه‌زیری گواستنه‌وه‌و شاندی یاوه‌ری، گفتوگۆكرا له‌سه‌ر بەهێزکردنی کاری هاوبەش و خێراكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌كان و جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و دیدارو كۆبوونه‌وانه‌ به‌رده‌وامیی هه‌بێت و هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌نێوان لیژنه‌و وه‌زاره‌ت هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌باشترین شێواز بخرێنه‌ به‌رده‌ستی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان.