لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی له‌شاندێكى کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/17، لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار، بەسەرپەرشتیی لوقمان وەردی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونى ژمارەیەک لەئەندامانی لیژنه‌كه، پێشوازیی له‌سەرۆکی کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان و شاندێکی یاوەری كرد.
له‌دیدارێكدا شاندی میوان یاداشتێکیان پێشكه‌ش به‌لیژنه‌كه كرد‌و تیایدا داواى ئه‌وه دەکەن ھەلی کاری زیاتر بۆ دەرچووانی به‌شی گەشتیاری بڕه‌خسێنرێت و دەرماڵەی ھونەرى-یش بۆ ئەو دەرچووانەی دامەزروان خەرج بکرێت کە بێبەشکراون لەھەموو جۆرە دەرماڵەیەک، ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد كه بەشێوەیەکی گشتی سوود لەتواناو شارەزایی و پسپۆڕیی دەرچووانی گەشتوگوزار وەربگیرێت بۆ بەرەوپێشبردن و ڕێکخستنی زیاتری کەرتی گەشتیاری لەھەرێمی کوردستاندا.
دواتر سەرۆک و ئەندامانی لیژنەكه به‌شاندی میوانیان راگه‌یاند کەکار لەسەر یاداشت و داواکارییەکانیان دەکەن و لەکۆبوونەوی داھاتووی لیژنەكه‌دا گفتوگۆی له‌باره‌وه دەکەن و بڕیاری پێویستی لەسەر دەدەن، جه‌ختیشیان له‌سه‌ر پێویستیى سوودوه‌رگرتن لەتواناو لێھاتوویی دەرچووانی به‌شی گەشتیاری كرده‌وه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار له‌سه‌ر ئه‌و پرسە لەھەماھەنگیدا دەبن.