Skip to the content
Menu

لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ چه‌ند پرسێكی گرنگی تاووتوێ كرد

بەمەبەستى گفتوگۆکردن لەسەر رەوشى خوێندن لەپەروەردەکان و ئەو رووداو و پێشهاتانەى هاتوونەتە پێش، ئەمڕۆ یەکشەمە 2021/2/28، لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی، بەسەرپه‌رشتیى عبدالسلام دۆلەمەرى سەرۆکى لیژنەو ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و بڕیاردەرو ئەندامان و راوێژکارانى لیژنەكه‌ کۆبووەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا كه‌ د.کارزان که‌ریم راوێژکارى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ كاروبارى پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاماده‌ی بوو، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ى زانستی بەشداریکردنی به‌ڕێزیانی له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بەگرنگ و پێویست زانی بۆ هەماهەنگیى زیاترى نێوان هه‌ردوولا و ئاماژه‌ی به‌لێداوانى ئه‌و مامۆستایە کرد کەباسى لەبابەتى گزیکردن کردبوو لەمیدیایەکى کوردستانیدا، بۆیە دواى گفتوگۆى ورد لەسەر بابەتەکە، لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا نوسراوى فه‌رمی ئاراستەى هەرسێ وەزارەتى (پەروەردە، خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، رۆشنبیرى و لاوان) بکات له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.
لەخاڵى دووەمى بەرنامەى کار رەوشى خوێندن لەپەروەردەکان و رێکارەکانى خۆپارێزى لەناوەندەکانى خوێندن بۆ پاراستنى قوتابیان و خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران تاووتوێ كرا.
سەردانى مەیدانیى لیژنە لاوەکییەکان و ئەندامانى لیژنە بۆ ناوەندەکانى خوێندن و بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەکان خوێندرانەوەو گفتوگۆى وردیان لەسەرکرا.
باس لەپێشنیارى لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ وەرگرتنى سەمپەڵ لە قوتابى و خوێندکاران کرا کە دواى ئەوەى لیژنە داواى لە وەزارەتى تەندروستى کردبوو، دوێنێ پێشنیارەکە جێبەجێکرا.
هەر لە کۆبوونەوەکە لیژنەیه‌ك پێکهێنرا بۆ سه‌ردانیكردنی وەزارەتى دارایى و ئابوورى تایبەت بەچەند مامۆستایەک کە لەسیستەمى بایۆمەترى دووجار ناویان تۆمارکراوە، لیژنەیەکى تریش بۆ سەردانیكردنی سەرجەم زانکۆ تایبەتەکان بۆ وەرگرتنى سەرنج و پێشنیاز سه‌باره‌ت به‌پڕۆژەیاساى زانکۆ تایبەتەکان پێكهێنرا.
لەکۆتایى کۆبوونەوەکەشدا سەرجەم ئەو نوسراو و یاداشتانەى ئاراستەى لیژنەكه‌ کرابوون، رێککارى پەیڕەوى بەرامبەریان وەرگیرا.