Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی شاندێک لەپێکهاتەکانی پەرلەمان پارێزگای دهۆکی بەسەر کردەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠٢١/٢/١٠ بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی پێکهاتەکانی پارێگای دهۆک و گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانیان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی پارێزگای دهۆک و دەوروبەری، شاندێک لەپێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی منی نبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد.

شاندەکە کەپێکهاتبوو لەنوێنەرانی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینيیەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی هەریەک لەپارێزگاو ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکی کردو لەلایەن د.علی تەتەر پارێزگاری دهۆک و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا پێشوازیی لێکراو لەنزیکەوە تاووتوێی بارودۆخی پێکهاتەکان و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم نەتەوەو ئاین و ئاینزاکانی ئەو دەڤەرە کرا، لەلایەن خۆیانەوە شاندەکەی پەرلەمان، پیرۆزباییان لەشەمعون شلێمۆن کرد کە لەپێکهاتەی کریستییانەو وەکو جێگری پارێزگاری دهۆک دەستبەکار بووە.

پاشان سەردانی هەریەک لەکڵێساکانی کلدانی و ئەرمەنی و ئاشوورييان کردو لەنزیکەوە گوێیان لەکێشەو گرفتەکانیان گرت و جەختییان لەسەر پتەوترکردنی بنەماکانی پێکەوەژیان کردەوە.

لەدرێژەی سەردانەکەیاندا شاندەکەی پەرلەمان سەردانی نوسینگەی ڕزگاربووانی دەستی داعش و بەرێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەرانى کردو لەدۆخی ئەو ئێزدییانەیان کۆڵیيەوە کەرزگاربووی دەستی داعشن و لەئێستادا لەکەمپەکان نیشتەجێن و سوپاسی دەزگای خێرخوازيى بارزانییان کرد کە لەماوەی رابردوو لەخۆبردووانە بەفریای ئاوارەو لێقەوماوانەوە هاتووەو توانیویەتی خزمەتێکی مرۆیی مەزن پێشکەش بکات.

هەر هەمان ڕۆژ شاندەکەی پەرلەمانی کوردستان سەردانی قایمقامییەتی قەزای شێخانی کردو لەلایەن قایمقام و ستافەکەی پێشوازیی لێکرا، بەهەمان شێوە مەبەستی سەردانەکە روونکرایەوە کەتایبەتە بەئاگاداربوون لەرەوشی پێکهاتەکانی ئەو دەڤەرە، هاوکات بەچری تاووتوێ بارودۆخیان کرد، لەدڕێژەی سەردانەکەیاندا شاندی پەرلەمانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی منی نبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمانی کوردستان سەردانی میر حازم تەحسین بەگ میری ئێزدیی کردو تاجەگوڵینەی ڕیزو وەفایان لەسەر گڵکۆی میری کۆچکردوو (میر تەحسین بەگ) دانا، هاوکات جارێکی تر پیرۆزبایی پەرلەمانی کوردستانیان گەیاندە میر حازم تەحسین بەگ وەکو میری نوێی ئێزدییەکان و بەیەکەوە هاوڕابوون لەسەر پاراستنی ئەو پێکەوەژیانەی کە لەنێوان سەرجەم نەتەوەو ئاین و ئاینزاکان هەیە لەهەرێمی کوردستاندا، پاشان سەردانی بابە شێخ و جڤاتی روحانی ئێزدییان کرد،و کۆتایی سەردانیشییان بەسەرکردنەوەی ناحیەی ئەلقوش بوو و لەنزیکەوە لەبارودۆخی ناحەکەیان کۆڵیەوە.