پەیامی لێژنەی شەهیدان بەبۆنەی گەڕانەوەی ١٠٤ رووفاتی خوشک و برایانی ئیزدی
لەڕۆژی ٢٠١٤/٨/٣ دەستی ڕەشی تیرۆریستانی داعش گەیشتە دەڤەری شنگال و بەوهۆیەوە هەزاران لەخۆشک و برا ئیزدییەکانمان کە پێکهاتەی ڕەسەنی کوردستانن، دووچاری شاڵاوی جینۆسایدو قڕکردن و کوشتن و ئازارو دەستدرێژی بوونەوەو ٧٢ گۆڕی بەکۆمەڵ لەو دەڤەرە دۆزاونەتەوە، کە تائێستا ٣٤٨ گۆڕ هەڵدراونەتەوەو ئەمڕۆش رووفاتی ١٠٤ گۆڕی تر دەگەڕێندرێتەوە گوندی کۆجۆ. بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لەخۆمان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی تاوانی جینۆسایدی خوشك و برا ئێزديیەكانمان دەكەین، كە لەسەر دەستی هێزێكی دەستڕەش و تیرۆریستی وەك داعش بەپێچەوانەی هەموو ڕێساو عورفێكی ئایینی و مرۆڤایەتی و یاسایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجامدرا، سەری ڕێزونەوازش بۆ ئەو شەهیدانە و گشت شەهیدانی ئەو تاوانە قێزەونە دادەنەوێنێن.
لەم بۆنەیەدا بەپێویستی دەزانین كە داوا لەدەسەڵاتە فیدراڵیيەكانی عێراق (پەرلەمان و حكومەت و دادگا) بكەین كە ئەو تاوانە بەجینۆسایدكردنی خوشك و برا ئێزدیەكانمان بناسێنن و بەڕێگەی دانان و جێبەجێكردنی یاسای تایبەتەوە لەدادگایەكی نێودەوڵەتیدا دادگایی تاوانبارانی ئەنجامدەری ئەو تاوانە لەهەركوێیەك و پێگەیەكدابن مسۆگەر بكەن و قەرەبووی دادپەروەرانەی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدەكانیان بكەنەوەو بودجەیەكی تایبەت بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەو ماڵوحاڵی وێرانكراویان لەبودجەی فیدراڵيی ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو بۆ تەرخان بكرێت و بەڕێگەی دامەزراوەو پلان و پرۆژەی تایبەتەوە ئاسەواری ماددی و برینە دەروونییەكانیان بسڕنەوەو ساڕێژ بكرێن و پێش لەناوچوونی شوێنەوارو بەڵگەكانی تاوانەكە بەتەواوی بەدۆكیۆمێنت بكرێن و ڕێگەخۆش بكرێت بۆئەوەی كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهەموو شێوەیەك بەهانای ناوچەكانی خوشك و برا ئێزدیەكانمانەوە بێن. هەروەها داوادەكەین حكومەتی فیدراڵيی عێراق وەك ئەركی خۆی كاربكات بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی شەهیدانی دیكەی جینۆسایدكردنی خوشك و برا ئێزدیەكانمان كە تائێستا لەگۆڕەبەكۆمەڵەكاندان بۆ زێدی بابوباپیرانیان و هەموو ڕێكارییەكی پێوویست بگرێتەبەر بۆ ڕێگریكردن لەئەنجامدانی تاوانێكی دیكەی لەوچەشنە لەناوچەكەیان گشت ناوچەیەكی دیكە.
جارێكی دیكە سەری ڕێزو نەوازش بۆ ئەو شەهیدانە دادەنەوێنین و رۆحیان شادو خوای گەورە ئارامی بەكەسوكاریان ببخەشێت.
لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی
٢٠٢١/٢/٦