پەیامی لێژنەی شەهیدان لە ساڵیادی کارەساتی ١ی شوبات
١٧ ساڵ لەمەوپێش و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، له 1ی شوباتی 2004 و له کردەیەکی تیرۆریستیی خوێناوی و دڵتەزێندا، هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خڵتانی خوێن کران. ئهو ڕووداوه تیرۆریستییە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز و، تیرۆریستان ئەو بۆنە پیرۆزەیان قۆستەوە بۆ بەجێگەیاندنی مەرامە گڵاوەکەیان و تێیدا دەیان شەهید و برینداری لێکەوتەوە .
ئهو کردەوە تیرۆریستی و دژ به بەها مرۆڤایهتییە سهلماندی كه ئهوان دەستیان ڕەشە و خاوەنی پەیامی کوشتن و تێکدانن و دژ بە مرۆڤایەتین. هاوکات ئەو ڕاستییەیان سەلماند کە دوژمنانمان بە یەکچاو سەیرمان دەکەن و هیچ جیاوازییەک لە ئاراستە سیاسییەکانماندا نابینن و بۆیان بکرێت بێ سڵکردنەوە هەموو کردەیەکی دژ بە مرۆڤایەتیمان بەرانبەر ئەنجام دەدەن. بۆیە پێویستە هەمیشە ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە یەکگرتووییمان زامنی پاراستنمانە لە بەرانبەر هەموو هەڕەشەیەکدا.
له كۆتاییدا سهری ڕێز بۆ ڕوحی پاکی شههیدانی ١ی شوبات و تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی
٢٠٢١/٢/١