Skip to the content
Menu

کەسوکاری شه‌هیدانی بۆردوومانه‌كانی تورکیاو ئێران یاداشتێکیان پێشکەش بەسەرۆکی پەرلەمان کرد

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/2/8، د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە کەسوکاری شه‌هیدانی بۆردوومانه‌كانی ناوچه‌ سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران کرد.
لەدیدارێکدا که‌ لوقمان وه‌ردی و مامۆستا مه‌لا وه‌یسی و د.زێدان برادۆستی و هه‌ژان حه‌سه‌ن كوێستانی، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان ئامادەیبوون، کەسوکاری شه‌هیدان یاداشتێکیان پێشکەش بەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردو تیایدا داوایان کردووە هەرچی زووە تۆپباران و بۆردوومانی ناوچەکانیان لەلایەن هەردوو وڵاتی تورکیاو ئێران ڕابگیرێت کەکاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گیان و ژیان و گوزەرانیان دروستکردووەو به‌هۆیه‌وه‌ زه‌ره‌رو زیانێكی زۆر به‌ڕه‌زو باخ و سامانی ئاژه‌ڵیی ناوچه‌‌كانیان گه‌یشتووه‌، هاوكات له‌یاداشته‌كه‌یاندا داوایان كردووه‌ قه‌ره‌بووی زیانه مادییه‌‌كانیان بۆ بكرێته‌وه‌و قوربانیانیان به‌شه‌هید ئه‌ژمار بكرێن.
لای خۆیەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانیی لەداواکانیان کردو پاراستنی سەلامەتیی دانیشتوانی ئەو ناوچە سنوورییانەی بەپێویست و ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ت وەسفکردو بەڵێنی پێدان هەوڵەکانی خۆی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بخاتەگەڕ بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان.