Skip to the content
Menu

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ساڵرۆژی رۆژنامەگەری تورکمانی پیرۆز دەکات

بەبۆنەی (١١٠) مین ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی (الحوادث) و (٢٥)ی شوبات رۆژی رۆژنامەگەری تورکمانی، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم نووسەر و رۆژنامەنوسان و ئەدیبان و رۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پێکهاتەی تورکمان بەتایبەتی دەکەین، ئومێدی سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین.

رۆژی ٢٥ی شوباتی ١٩١١، یەکەمین رۆژنامەی تورکمانی چاپ و بڵاوکرایەوە بەناوی (الحوادث)، کە بۆ ماوەی (٨) ساڵ لە شاری کەرکوک بەردەوام بوو لە بڵاوبوونەوە، بێ گومان ئەمەش دەرخەری ئەو راستییە کە نەتەوەی تورکمان (١١٠) ساڵ بەر لە ئەمرۆ تێکەڵ بە دونیای رۆژنامەگەری بووە و لە رێگەی رۆژنامەگەریشەوە توانیویەتی پارێزگاری لە بەها و داب و نەریت و کەلتور و رۆشنبیری تورکمانی بکات.

هیواخوازین ئەم بۆنەیە ببێتە زیاتر بەرەو پێشچوونی رەوشی رۆژنامەگەری و میدیا بەگشتی لە هەرێمەکەمان و پتەوبوونی هەماهەنگی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها هاندەرێکی بەهێز بێت بۆ سەرجەم نووسەر و ئەدیبان و رۆژنامەوانانی پێکهاتەی تورکمان بۆ پاراستن و گەیاندنی مێژوو و شوناس و ئەدەبیاتی پێکهاتەی تورکمان بە نەوەکانی داهاتوومان و پەرەپێدانی و بەرەوپێشبردنی رەوشی رۆژنامەگەری تورکمانی.

منی نبی قهوچی

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان

٢٥ی شوباتی ٢٠٢١