Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ ڕه‌حمان غه‌ریب به‌رپرسی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ مافی ڕۆژنامه‌نووسان وشاندێكی یاوه‌ری ده‌كات

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 7/2/2021 د. ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ ڕه‌حمان غه‌ریب به‌رپرسی سه‌نته‌ری میترۆ و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باسی ڕه‌وشی كاری ڕۆژنامه‌وانی له‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌وتنه‌ خێراكانی بواری ته‌كنه‌لۆژیای میدیا به‌گشتی كرا و، باسی دۆخی خراپی ڕۆژنامه‌وانان و ئازادی كاری میدیایی و ئه‌و یاسایانه‌ كرا كه‌ له‌ هه‌رێمدا به‌ركارن، به‌ تایبه‌ت یاسای ژماره‌ (35) ی ساڵی 2007 ( یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان). كه‌ تا ڕاده‌یه‌كی زۆر باشه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا بۆ هه‌ندێ كه‌یس یاسای خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له‌ لایه‌ن دادگاكانه‌وه‌ بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌وانان جێبه‌جێده‌كرێت.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند:" كاری ڕۆژنامه‌وانی چوارچێوه‌ی یاسایی خۆی هه‌یه‌و ئیتیكی ڕۆژنامه‌وانیش پابه‌ندییه‌كی مۆڕاڵییه‌ و پێویسته‌ ڕۆژنامه‌وانان و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌و پابه‌ندییانه‌ ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێبكه‌ن، هاوكات ئه‌ركی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ دیاریكراوی ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ پێشێلكاری بیانپارێزێت، سه‌باره‌ت به‌ ڕێكخستنی میدیای ئه‌لیكترۆنیش، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت هه‌ر بوارێك پێویستی به‌ ڕێكخستن هه‌بێت به‌ یاسا ڕێكی بخات به‌مه‌رجێك نه‌بێته‌ هۆی پاشه‌كشه‌ له‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی كه‌ پێشتر به‌ یاسا دراوه‌ به‌ ڕۆژنامه‌وانان و كاری ڕۆژنامه‌وانی پێ ڕێكده‌خرێت".
لای خۆیانه‌وه‌ ڕه‌حمان غه‌ریب به‌رپرسی سه‌نته‌ری میترۆ سوپاس وپێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد، به‌ ئاماده‌بوونیان له‌ ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی ڕاپۆرتی پێشێلكارییه‌كانی ساڵی 2020 به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان و، هیوای خواست كه‌ له‌ ئاماره‌كانی ساڵی داهاتوودا ئه‌م پێشێلكارییانه‌ نه‌مێنێت به‌رامبه‌ر به‌ ڕۆژنامه‌وانان به‌گشتی.