وۆرکشۆپێک بۆ هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتى كهمئهندامان و خاوهن پێداویستیی تایبهت بەڕێوەچوو
سەرلەبەیانیی ئەمرِۆ سێشەممە 2021/2/9، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەهاوکاریی پهیمانگهى یاساى نێودهوڵهتی و مافهكانى مرۆڤـ (IILHR) سەبارەت بەهەموارکردنی یاساى ژماره (22)ى ساڵى 2011، یاسای ماف و ئیمتیازاتى كهمئهندامان و خاوهن پێداویستیی تایبهت لهههرێمی كوردستان، لەژێر ناوونیشانی (راوێژکردن لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی مافى مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان)، لەهوتێل ڕۆتانا لەشاری هەولێر وۆرکشۆپێکی بۆ لیژنهى کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لهمافی مرۆڤ رێکخست.
لەوۆرکشۆپەکەدا کە رۆمیۆ هەکاری سەرۆک و ئەندامانی لیژنەکەو نوێنەری چەند رێکخراوێک ئامادەیبوون، چەند تەوەرێکدا پێویستیی فراوانکردنی چوارچێوەی پاراستنی مافی کەمئەندامێتی لەهەرێمی کوردستان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و کەمئەندامێتی و کێشە سەرەکییەکان سەبارەرت بەمافی کەمئەندامان لەهەرێم و شیکاری و ڕێرەوە پێشنیازکراوەکان و هەموارکردنەوەی یاسابەرکارەکان گفتۆگۆیان لەبارەوە کرا، هەروەها ئەو ماددانەی پێشنیازکراوە لهیاساكهدا هەموار بکرێتەوە، پێشنیازی پێویستییان لەبارەوە خرایەڕوو.
لەکۆتایی وۆرکشۆپەکەشدا هەنگاوەکانی داهاتوو لەلایەن ئامادەبووانەوە گفتوگۆی لەبارەوە کراو بڕیادرا کۆبوونەوهی زیاتر بۆ هەمواری یاساکە بەئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکبخرێت.