Skip to the content
Menu

وۆركشۆپێك سه‌باره‌ت به‌دانانی بودجە لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتیی جێندەری به‌ڕێوه‌چوو

بەمەبەستی ئاشناكردن و زیاتر زانیارى پێدان بەئەندامانی پەرلەمان و لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت له‌په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌بودجەی جێندەری، ئەمڕۆ یەكشەمە 2021/2/28، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان بەهەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی هارتلاندی ئه‌لایه‌نسی نێوده‌وڵه‌تی وۆركشۆپێكی یەك ڕۆژه‌ی له‌ژێر ناوونیشانی دانانی بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى جۆرى كۆمه‌ڵایه‌تی/جێنده‌ر، سازكرد.
ئامانجی ئەم پڕِۆژەیە زیاتر ئاشناكردنی ئەندامانی پەرلەمانه‌ بەچەمكی بودجەی جێندەری، هه‌وروه‌ها گرنگی و چۆنیەتی و ڕەچاوكردنی ئەولەویەت لەیاسای بودجەدا، له‌ وۆركشۆپەكە لەنجە ئیبراهیم دزه‌یى سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی ئافرەت، وتارێكی پێشكەشكردو تیایدا رایگەیاند: "كه‌ ئەوان بەپێویستیانزانی خۆیان ئامادە بكەن تاوەكو لەبودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك له‌جۆره‌كان یەكسانیی جێندەری رەنگبداتەوە".
لەبەشێكی دیكه‌ی وۆركشۆپەكەدا، فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی داراییی عێراق، جۆرەكانی بودجەو چۆنیەتیی ئامادەكردن و خودی بودجەی بۆ بەشداربووان شیكردەوە، بەو ئاڕاستەیەی بەرچاوڕوونی بۆ ئەندامان هەبێت و لەكاتی هاتنی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێم بۆ پەرلەمان راو پێشنیازەكانیان بخەنەڕوو.
پاشان لەلایەن شارەزایانی یاسایی و رێكخراوی هارتلاند، چۆنیه‌تیی ئەولەویەت دانان لەبودجەدا بەڕەچاوكردنی جۆری كۆمەڵایەتی و ڕۆڵی ئەندامانی پەرلەمان، لەگەڵ بودجەی جێندەریی شیكاری روونكرایەوە.