Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی به‌سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵاى په‌رله‌مان سه‌ردانی هه‌ردوو قه‌زاى سۆران و ڕواندز-ى كرد

به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كاروبارى نوسینگه‌ى په‌رله‌مانی كوردستان له‌سۆران و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌كێشه‌و گرفته‌كانى هه‌ردوو قه‌زاى سۆران و ڕواندز له‌ڕووی یاسایى و كارگێڕی و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/1/11، شاندێكی باڵاى په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، سه‌ردانی هه‌ردوو قه‌زاى سۆران و ڕواندز-ى كرد.
سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌ردانی نوسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانى له‌قه‌زاى سۆران كرد به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌كاروباری نوسینگه‌كه‌و گه‌یاندنی داوكاریى هاووڵاتییان به‌په‌رله‌مان و هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ قایمقامییه‌ت و ئیداره‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌كاروبارى هاووڵاتییان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
دواتر شانده‌كه‌ سه‌ردانی قایمقامییه‌تی قه‌زاى سۆرانى كردو له‌لایه‌ن هەڵگورد شێخ نه‌جیب قایمقامی قه‌زاى سۆران پێشوازیى لێكراو له‌دیدارێكدا وێڕای پیرۆزباییكردن له‌به‌ڕێزیان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك قایمقامی نوێى قه‌زاكه‌و خواستنی هیوای سه‌ركه‌وتن بۆى له‌خزمه‌تكردن به‌هاووڵاتییان، به‌دواداچوونی ورد بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ كرا كه‌په‌یوه‌ست بوون به‌شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌و كارئاسانیكردن بۆ هاووڵاتییان له‌كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین، به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ى كه‌په‌یوه‌ستن به‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مانی كوردستان پاڵپشتیی ته‌واوى خۆی بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ربڕی و په‌رله‌مانتاران و نوسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان راسپێردران كه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان ئه‌و یاداشتانه‌ وه‌ربگرن و ئه‌و كارانه‌ى كه‌پێویست ده‌كات هه‌م وه‌كو په‌رله‌مان به‌دواداچوونی بۆ بكرێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و هه‌م لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌دواداچوونی وردتریان بۆ بكرێت، تاهه‌نگاوه‌كان خێراتر بكرێن بۆئه‌وه‌ى خزمه‌تگوزارییه‌كان زیاتر به‌هاووڵاتییان بگه‌یه‌نرێن.
دواتر شاندى باڵاى په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی قه‌زاى ڕواندزى كردو له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د قادر محمدامین قایمقامی رواندز پێشوازیى لێكراو باس له‌ڕه‌وشى خزمه‌تگوزارى و شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌و كارئاسانیكردن بۆ هاووڵاتییان و كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین كراو ئاماژه‌ به‌‌گرنگیی قه‌زاى ڕواندز له‌بوارى گه‌شتیاری كراو جه‌خت له‌پێویستیی گرنگیدانی زیاتر به‌كه‌رتی گه‌شتیارى له‌ته‌واوى هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ترى داهات.
له‌هه‌ردوو سه‌ردانه‌كه‌دا د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌به‌دواداچوون بۆ ئه‌و یاسایانه‌ كرده‌وه‌ كه‌په‌یوه‌ندیى ڕاسته‌وخۆیان به‌ژیانی هاووڵاتییانه‌وه‌ هه‌یه‌و ڕایگه‌یاند: "به‌دواداچوون بۆ ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌زیاتر په‌یوه‌ندیى راسته‌وخۆیان به‌گه‌یاندنی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتییان هه‌یه‌، چ له‌یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بێت، هه‌تا به‌دواچوون بۆ چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی به‌شێك له‌و یاسایانه‌ى كه‌ له‌و خوله‌ى په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووێنراون، بۆ نموونه‌ یاسای نه‌هێشتنی ته‌جاوزات، زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت، ئایا چه‌نێك جێبه‌جێ كراوه‌ چه‌نێك پێویستیی به‌هه‌مواركردنه‌ له‌سه‌ر ئاستی عه‌مه‌لی له‌قایمقامییه‌ت و ناحیه‌كان، چه‌نێك كێشه‌و گیروگرفتیان هه‌یه‌ له‌سه‌رى و پێشنیاره‌كانیان كامانه‌ن، به‌تایبه‌تیش بۆ سنوورى ئێره‌، كه‌چوار قه‌زا له‌م ده‌ڤه‌ره‌ هه‌یه‌، قه‌زاى سۆارنه‌ رواندزه‌ چۆمانه‌ مێرگه‌سووره‌، بابه‌تی ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ بزانین به‌چ حاڵه‌تێك گه‌یشتووه‌، رای قایمقامییه‌ته‌كان كامه‌ن بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاره‌كانی ئێمه‌ له‌ڕێی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه‌ موفاته‌حه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی ناوخۆو پارێزگارى هه‌ولێر بكرێت و بتوانرێت ئه‌م باباته‌ش هیمه‌تێكی زیاترى له‌سه‌ر بكرێت، خاڵی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی چ به‌نیسبه‌ت په‌رله‌مانى كوردستان و چ به‌نیسبه‌ت حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیش، خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و دروستكردنه‌وه‌ى متمانه‌یه‌كى به‌هێزتره‌ له‌نێوان هاووڵاتییان به‌دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، چ په‌رله‌مانى كوردستان بێت چ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێت".
لای خۆیانه‌وه‌ هه‌ردوو قایمقامی قه‌زاى سۆران و قه‌زای ڕواندز له‌دیداریاندا له‌گه‌ڵ شاندی باڵای په‌رله‌مان، باسیان له‌كێشه‌و گرفته‌كانی قه‌زاكانیان كردو به‌رنامه‌و كارو پلانی ئیداره‌ى قه‌زاكانیان بۆ پێشخستن و بووژاندنه‌وه‌ى ناوچه‌كانیان و خزمه‌تكردنی زیاترى هاووڵاتییان خسته‌ڕوو.
له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان سه‌ردانی فه‌رمانده‌یی هه‌ڵگوردى له‌شكرى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانی كردو له‌لایه‌ن به‌هره‌م عه‌ریف یاسین فه‌رمانده‌ى فه‌رمانده‌ییه‌كه‌و ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ران و ‌پله‌دارانى فه‌رمانده‌ییه‌كه‌ پێشوازیى لێكراو له‌دیدارێكدا د.هێمن هه‌ورامی سوپاس و ستایشی هێزى پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد له‌پاراستنی خاك و خه‌ڵكی كوردستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش و شه‌ونخوونییان له‌پێناو پاراستنی قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها جه‌خت له‌پێویستی ئه‌نجامدانی چاكسازی و یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌.
پاشان شانده‌كه‌ به‌جیا سه‌ردانی مه‌ڵبه‌ندی 6ى سۆرانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و لقى 10ى پارتی دیموكراتی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن زوبێر عوسمان لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندى 6ى سۆران و عه‌بدولواحید ڕواندزى به‌رپرسی لقی 10، پێشوازیى لێكراو له‌هه‌ردوو دیداره‌كه‌دا جه‌ختی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ره‌شه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاریكردن له‌ده‌ستكه‌وته‌كان كرایه‌وه‌، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "هه‌وڵی جدیى ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌بینینى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان یه‌كڕیزیى نیشتیمانیی خه‌ڵكی كوردستان له‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ زیاتر په‌ره‌ى پێبدرێت و نزیكبوونه‌وه‌ى زیاترى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌بێت و هه‌موومان كۆك بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانی هه‌ره‌شه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك سه‌رچاوه‌ن كه‌به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی كوردستان و قه‌واره‌ ده‌ستوورییه‌كه‌یه‌تی، ته‌نیا به‌یه‌كڕیزی و پێكه‌وه‌بوون ده‌توانین ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ى له‌پێشمانه‌ تێپه‌ڕێنین".
هه‌ر له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه،‌ شاندی باڵاى په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی كه‌نیسه‌ی ئاشوورییه‌كانی له‌شارۆچكه‌ى سۆران كردو له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاران و پیاوانی ئاینیى ئاشوورى پێشوازیى لێكراو له‌دیدارێكدا د.هێمن هه‌ورامی به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی جه‌ژنی كریسمس سه‌رى ساڵى نوێى پێڕاگه‌یاندن و ڕاشیگه‌یاند: "هاتنی ئێمه‌ بۆ لای برایانى ئاشوورى بۆ ئه‌و كه‌نیسه‌یه‌، دووپاتكردنه‌وه‌ى په‌یامی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ بۆ پاڵپشتیكردن و به‌رده‌وامیدان به‌مافی پێكهاته‌كان كه‌پێكهاته‌ى ڕه‌سه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن و هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌م فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌ی كه‌له‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، په‌رله‌مانی كوردستانیش مافى پێكهاته‌كانی له‌چوارچێوه‌ی یاسای ژماره‌ (5)ى ساڵی 2015، یاسای پاراستنی مافی پێكهاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان فه‌راهه‌م كردووه‌".