Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی به‌سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵاى په‌رله‌مان سه‌ردانی هه‌ردوو قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش و ئاكرێ-ى كرد

له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كانیدا به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ كاروبارى نوسینگه‌كاننى په‌رله‌مان و له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌كێشه‌و گرفته‌كانى قه‌زاو ناحیه‌كان له‌ڕووی یاسایى و كارگێڕی و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/1/19، شاندێكی باڵاى په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان، سه‌ردانی هه‌ردوو قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش و ئاكرێ-ى كرد.
سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌ردانی قایمقامیه‌تی قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش-ى كردو له‌لایه‌ن خه‌لیل مه‌حمود قایمقامى قه‌زاكه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان پێشوازیى لێكراو له‌دیدارێكدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ قه‌زاكه‌ روونكرده‌وه‌ كه‌بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئاستی نوسینگه‌كانى، له‌گه‌ڵ قایمقامییه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ناحیه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئه‌و دامه‌زراوه‌ خزمه‌تگوزارییانه كه‌‌ له‌چ ئاستێكدایه‌و داخوازیى خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ تاچه‌ند له‌ڕێی نوسینگه‌كانه‌وه‌ ده‌گاته‌ په‌رله‌مان كه‌به‌دواداچوون یه‌كێكه‌ له‌ئه‌ركه‌ گرنگه‌كانى په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنابوون به‌ئاستی جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌رچوون و راشیگه‌یاند: "ئامانجى په‌رله‌مان و حكومه‌ت گه‌یاندنی خزمه‌تگوزاری و خۆشگوزه‌رانییه‌ به‌‌هاووڵاتییان له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانداو یه‌كێك له‌ئه‌ركه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى لیژنه‌كانى په‌رله‌مانیش به‌دواداچوونه‌ بۆ ئه‌و سێكته‌رانه‌ى كه‌هه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ ئێمه‌ گرنگ بوو چ له‌سێكته‌رى په‌روه‌رده‌و كێشه‌ی ڕێگاوبان و ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌تائێستا ته‌واو نه‌كراون و پێویستییان به‌چییه‌ تا ته‌واو بكرێن، بۆیه‌ لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى ئێمه‌و نوسینگه‌ى په‌رله‌مانى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان له‌گفتوگۆى به‌رده‌وامدا ده‌بن بۆئه‌وه‌ى به‌شێك له‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
پاشان شانده‌ باڵاكه‌ى په‌رله‌مان سه‌ردانی نوسینگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانى له‌قه‌زاى ئاكرێ كرد به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌كاروباری نوسینگه‌كه‌و گه‌یاندنی داوكاریى هاووڵاتییان به‌په‌رله‌مان و هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ قایمقامییه‌ت و ئیداره‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌كاروبارى هاووڵاتییان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن.
دواتر شانده‌كه‌ سه‌ردانی قایمقامییه‌تی قه‌زاى ئاكرێ-ى كردو له‌لایه‌ن مازن محه‌مه‌د سه‌عید قایمقامی قه‌زاكه‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى قه‌زاكه‌ پێشوازیى لێكراو له‌دیدارێكدا باس له‌ڕه‌وشى خزمه‌تگوزارى و شۆڕكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات بۆ یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌و كارئاسانیكردن بۆ هاووڵاتییان و كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین كرا.
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوپاسی قایمقامی ئاكرێ و سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى قه‌زاى ئاكرێ و خه‌ڵكى ده‌ڤه‌ره‌كه‌ى كرد كه‌ له‌شه‌ڕی داعش و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى په‌تای كۆڕۆنا رۆلێكی گه‌وره‌یان بینی چ له‌حه‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و هه‌موو ئاواره‌و په‌نابه‌رانه‌و پشتیوانیكردن له‌و جه‌بهانه‌ى شه‌ڕی داعش كه‌ زۆر نزیكبوون له‌قه‌زاكه‌و چ له‌جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆنادا.
لای خۆیانه‌وه‌ هه‌ردوو قایمقامی قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش و قه‌زای ئاكرێ له‌دیداریاندا له‌گه‌ڵ شاندی باڵای په‌رله‌مان، باسیان له‌كێشه‌و گرفته‌كانی قه‌زاكانیان كردو به‌رنامه‌و كارو پلانی ئیداره‌ى قه‌زاكانیان بۆ پێشخستن و بووژاندنه‌وه‌ى ناوچه‌كانیان و خزمه‌تكردنی زیاترى هاووڵاتییان خسته‌ڕوو.
له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان به‌جیا سه‌ردانی مه‌ڵبه‌ندى ئاكرێ-ى یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و لقى 9ى پارتی دیموكراتی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن سه‌لام سورچی لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ندو كارگێڕان و ئه‌ندامانى مه‌ڵبه‌ندو سه‌باح به‌یتوڵا به‌رپرسی لق و كارگێڕان و ئه‌ندامانى لقه‌وه‌ پێشوازیى لێكراو له‌هه‌ردوو دیداره‌كه‌دا جه‌خت له‌یه‌كڕیزی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ره‌شه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاریكردن له‌ده‌ستكه‌وته‌كان كرایه‌وه‌، د.هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "هه‌وڵی جدیى ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان له‌بینینى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان یه‌كڕیزیى نیشتیمانیی خه‌ڵكی كوردستان له‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ زیاتر په‌ره‌ى پێبدرێت و نزیكبوونه‌وه‌ى زیاترى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌بێت و هه‌موومان كۆك بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانی هه‌ره‌شه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان یه‌ك سه‌رچاوه‌ن كه‌به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی كوردستان و قه‌واره‌ ده‌ستوورییه‌كه‌یه‌تی، ته‌نیا به‌یه‌كڕیزی و پێكه‌وه‌بوون ده‌توانین ئه‌و قۆناغه‌ سه‌خته‌ى له‌پێشمانه‌ تێپه‌ڕێنین".