Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی به‌یاوه‌ریى شاندێكی لیژنه‌ی ناوخۆى په‌رله‌مان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی كرد

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/1/18، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یاوه‌ریى شاندێكی لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان كه‌پێكهاتبوو له‌سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆو هه‌ردوو بریكاری وه‌زاره‌ت و به‌رێوه‌به‌ری گشتیی وه‌زاره‌ت پێشوازیى لێكرا.
له‌دیدارێكدا باس له‌دوایین ھەنگاوو کارەکانی وەزارەت بۆ جێبەجێکردنی بابەتەکانی پەیوەست بەوەزارەته‌كه‌ لەیاسای چاکسازی، یەکەی پاسەوانی، دۆخی دەروازە سنوورییەکان و پێکھێنانی ھێزێکی تایبەت بۆ رێگری لەدیاردەی قاچاخچێتی، ئامادەکاری بۆ پڕۆژەیاسای خانەنشینیی ھێزەکانی ناوخۆ كرا.
د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ سوپاس و ستایشی هێزه‌كانی ناوخۆی كرد كه‌ له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕِۆنا چه‌ندین رێكاری گرنگیان گرته‌به‌ر بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و شه‌ونخوونیی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش-یشی بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری و پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم به‌رزنرخاندو ئاماژه‌ی به‌و زنجیره‌ سه‌ردانانه‌نه‌ كرد كه‌شاندی باڵای په‌رله‌مان ئه‌نجامی ده‌دات بۆ وه‌زاره‌ته‌كان و قه‌زاو ناحیه‌كان به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوون و ئاگاداربوونی زیاتر له‌كێشه‌و گرفته‌كان و به‌دواداچوون بۆ چۆنیه‌تیی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له‌ناو وه‌زاره‌ته‌كاندا.
پاشان رێیه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌، رایگه‌یاند: "هاتنی شاندی باڵای په‌رله‌مان هانده‌رێكی زۆرباشه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌و به‌هه‌ماهه‌نگی بتوانین كێشه‌و گرفته‌كان له‌چوارچێوه‌ی یاسادا رێكخستنه‌وه‌ی بۆ بكرێت و پاشان به‌وردی باسی له‌هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی له‌چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌دا كردو به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ت كرد بۆ جێبه‌‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌و ئاماژه‌شی به‌بڕیارێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كرد بۆ پێكهێنانی هێزێكی هاوبه‌ش له‌نێوان وه‌زاره‌تی ناوخوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ رێگریكرن له‌قاچاخچییه‌تی له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كاندا.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا لیژنه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان، وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستیی بوونی هه‌ماهه‌نگیی ته‌واو له‌نێوان لیژنه‌كه‌یان و وه‌زاره‌تدا، چه‌ندین پرسیاریان ئاڕاسته‌ی وه‌زیرو بریكارانی وه‌زاره‌ت كرد له‌چوارچێوه‌ی كاری لیژنه‌كه‌یان و ئه‌وانیش لای خۆیانه‌وه‌ وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانیان دایه‌وه‌.
له‌كۆتایی كۆوونه‌وه‌كه‌شدا هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر گرینگیدان به‌ماف و شایسته‌كانی ئه‌فسه‌ره‌ پله‌داره‌كانی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆو دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ خانه‌نشینییان.