Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی سه‌ردانی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێم ده‌كات

له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانى به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و چاودێریكردنی ئاستی جێبه‌جێكردنی یاساكان له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/1/2021، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ ‌سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌ی ده‌سپاكی له‌په‌رله‌مانی كوردستان یاوه‌رییان ده‌كرد، سه‌ردانی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێمی كوردستانى كردو له‌لایه‌ن د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌و به‌رێوه‌به‌رانی گشتیی ده‌سته‌كه‌وه‌‌ پێشوازیى لێكرا‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ده‌سته‌ی ده‌سپاكی روونكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیارێكمان داوه‌ له‌وه‌ر‌زی پشووی یاساداناندا سه‌ردانی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، به‌مه‌به‌ستی چاودێریكردن و به‌دواداچوون بۆ ئه‌م یاسایانه‌ی كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون، به‌تایبه‌تی یاسای چاكسازی"، جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی گشتگیرو رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا كرده‌وه‌ كه‌خواست و ویستی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌و پشتگیریی په‌رله‌مانیشى بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی له‌كاره‌كانیان و رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵى ده‌ربڕی كه‌ له‌كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆى حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه‌و په‌رله‌مانیش ده‌نگی پێداوه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیشی به‌رزنرخاند له‌كاری رۆژانه‌ی خۆیاندا.
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوپاسی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی كرد بۆ ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌نێوان لیژنه‌ی ده‌سپاكیی په‌رله‌مان و ده‌سته‌ی ده‌سپاكی هه‌یه‌و هیوای خواست ئه‌و په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگییه‌ په‌ره‌ی پێبدرێت بۆ باشتر ئالۆگۆڕكردنی زانیارییه‌كان و به‌دواداچوونه‌كانیان له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیدا، داواشی له‌سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ كرد ئه‌و ئامارو زانیارییانه‌ی كه‌په‌یوه‌ستن به‌كه‌‌یسه‌كانی گه‌نده‌ڵی‌ و له‌قۆناغی سه‌ره‌تای لێكۆلینه‌وه‌دان و ئه‌وانه‌ی ره‌وانه‌ی دادگاكان كراون هه‌روه‌ها ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه‌دێنه‌ به‌رده‌م كاره‌كانی ده‌سته‌كه‌ له‌ڕووی یاسایی و كارگێریداو زانینی ئاستی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی عێراق بخه‌نه‌ڕوو.
پاشان د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیى هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌ى شاندی باڵای په‌رله‌مان، پوخته‌یه‌ك له‌كاره‌كانی ده‌سته‌كه‌و شێوازو میكانیزمی رێكاره‌كانى ده‌سته‌كه‌ى بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و كاری به‌دواداچوون و لێكۆلینه‌وه‌ له‌كه‌یسه‌كان و ره‌وانه‌كردنیان بۆ دادگا به‌ئامارو داتا خسته‌ڕوو و راشیگه‌یاند: "له‌ئێستادا چه‌ندین كه‌یسى گه‌نده‌ڵیشمان ئاراسته‌ی دادگاكان كردووه‌و رێكارى یاسایی خۆیان وه‌رگرتووه‌".
هه‌ر له‌كوبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی هه‌رێم و ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی عێراق و هه‌وره‌ها لیژنه‌ی ده‌سپاكیی په‌رله‌مانی كوردستانیش هه‌یه‌ بۆ چۆنیه‌تیی راییكردن و ئاساكاریی كاره‌كانمان له‌چوارچێوه‌ی یاسادا".
دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان‌ چه‌ندین سه‌ر‌نج و تێبینی و پرسیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ده‌سته‌و به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی ده‌سته‌كه‌ كردو ئه‌وانیش وه‌ڵام و روونكردنه‌وه‌ى پێویستی سه‌رجه‌م پرسیارو تێبینی و سه‌رنجه‌كانیان دایه‌وه‌.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌كه‌دا بڕیاردار كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌نێوان لیژنه‌ی ده‌ستپاكی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێم ئه‌نجام بدرێت،بۆ ئه‌وه‌ی كاری ده‌سته‌و كاری لیژنه‌ی په‌رله‌مان له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و شێواز و میكانزمی باشتر بۆ كاره‌كان.