د.هێمن هەورامی لەگەڵ شاندی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لەعێراق تاووتوێی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات
لەدیدارێکی نێوان د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شاندی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لەبەغدا، دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداو هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش و پرۆسەی چاکسازی لەهەرێمی کوردستان تاووتوێ کرا.
پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ سێشهممه 2021/1/26، د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە جەیمس داونەر جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق و جەیمس سۆرنتن کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لەهەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارێکدا کەژمارەیەک لەپەرلەمانتاران لەفراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان ئامادەیبوون، د.هێمن هەورامی تیشکی خستەسەر کارە لەپێشینەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە لەئێستادا بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەکات و ئەو پرۆسەیەش هەنگاوی باشی بەڕێکردووە، لەمبارەیەشەوە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چاکسازی لەماوەی رابردوو لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکان سەردانی ژمارەیەک لەدامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە. لەلایەکی ترەوە باسی لهپرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان کرد، کە رەنگە لەمانگی ئازار لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەمەبەستی هێنانەدیی شەفافیەتی زیاتر لەداهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
لەدرێژەی دیدارەکەدا، باس لەدۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا کرا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند؛ "لەئێستادا گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامەو هیوای خواست هەنگاوی باش بنرێت بەئاراستەی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەو گرفتەکان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵ، هاوکات داوای لەبەریتانیاو دۆستەکانی کوردستان کرد، کە لەم پێناوەدا هەوڵی ناوەندگیری لەنێوان هەردوولا بدەن، هەروەها ئاماژەی بەگرنگیی گەرانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ پاراستنی دۆخی ناوچە دابڕاوەکان و سەرجەم پێکهاتەکان لەپەلامارەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش، کە لەئێستادا جموجۆڵەکانیان لەو ناوچانە ڕوو لەزیادبوونە.
لەمیانەی دیدارەکەدا، د.هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، تیشکی خستەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و ئاماژەی بەگرنگیی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەت لەناوچە دابراوەکاندا، تابتوانن دەنگی راستەقینەی کورد لەو ناوچانە بۆ هەڵبژاردن مسۆگەر بکەن.
لەلایەن خۆیانەوە، جێگری باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق و کۆنسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لەهەرێمی کوردستان، رایانگەیاند: "وڵاتی بەریتانیا خوازیارە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو باشبوون بچێت و کێشەکانیان لەچوارچێوەی دەستووری عێراق چارەسەر بکەن، ئامادەیی خۆشیان بۆ هاوکاریی هەرێمی کوردستان و نێوەندگیری لەنێوان هەولێرو بەغدا نیشاندا.