Skip to the content
Menu

د.ڕێواز فایه‌ق: "ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی تۆكمه‌و گونجاو بۆ لاوان ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ت و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ بۆ پێگه‌یاندنیان"

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/1/26، د.ڕێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له حیمیه‌ر عه‌بدولمه‌‌غنی جێگری نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان-عێراق بۆ سه‌ندوقی دانیشتوان و جه‌مال حوسێن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی لاوان له‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانى حكومه‌تی هه‌رێم و شاندێكی یاوه‌ریان كرد.
له‌دیدارێكی نێوانیاندا باسی ڕه‌وشی لاوان و هه‌رزه‌كاران كراو هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی هه‌رزه‌كاران و لاوان ته‌وه‌رێكی گرنگی دیداره‌كه‌ی له‌خۆگرتبوو، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "گه‌نجان و لاوان له‌تێكڕای كۆمه‌ڵگه‌كانی دونیادا گوزارشت له‌ئاینده‌و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی وڵات ده‌كه‌ن له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان، ئه‌وان بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی و ڕاسته‌قینه‌ی ئاینده‌ی وڵاتن له‌سه‌رجه‌م سێكته‌رو كایه‌كانی ژیاندا، ڕه‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی تۆكمه‌و گونجاو ئه‌ركی سه‌رشانی حكومه‌ت و داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ بۆ پێگه‌یاندنیان، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موولایه‌ك ئامێزی هاوكاری و ده‌سگیرۆییكردنی بۆ ئه‌م چینه‌ كاریگه‌رو به‌هێزه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بكه‌نه‌وه‌".
دواتر ڕاپۆرتێكی خشته‌كاری بۆ (ڕووپێویی نیشتمانیی هه‌رزه‌كاران و لاوان له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2019)، كه‌له‌لایه‌ن UNFPA و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرا، به‌مه‌به‌ستی كار له‌سه‌ركردن و به‌دواداچوونی په‌رله‌مان له‌سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌.
لای خۆیه‌وه‌ د.ڕێواز فایه‌ق سوپاسی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی كردو به‌ڵێنی پێیاندا كه‌وا ده‌قی ڕاپۆرته‌كه‌یان ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان بكات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌كاری په‌رله‌مان پیشه‌ییانه‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت.